Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 20:58

سەنتەرەکانی ڕاهێنان شیاندنی پیشەیی و دەرفەتی کارى زیاتر بە ڕووی گەنجانی هەرێمدا دەکەنەوە

کوردستان TV
100%

‌وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییەوە، كە نۆ سه‌نته‌ری ڕاهێنانی پیشه‌یی بۆ گەنجان و لاوان لەخۆ دەگرێت، هەلی كار بۆ گەنجی زۆر لە هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت. لە دوو ساڵی ڕابردووشدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت، بۆ هه‌رساڵێك ١٠٠ ملیۆن دیناری بۆ سه‌نته‌ره‌كان ته‌رخان كردووه و كاریش كراوە بۆ ئەوەی لە شارۆچكەی ئاكرێ و شارەدێی شۆڕش، ئەم سەنتەرانە بۆ خزمەتی زیاتری گەنجان بكرێنەوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوو لەو سەنتەرانە له‌ شاری هه‌ولێرن و هەر یەك لە سلێمانی، دهۆك، سۆران، زاخۆ، گه‌رمیان و راپه‌ڕین، یەكی سەنتەرێكیان تێدایە؛ ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ ساڵانه‌ ڕاهێنان به‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر لە گه‌نجان ده‌كه‌ن و ‌لەگەڵ ئەوەشدا لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیی بازاڕی تێدایە،‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له‌ بازاڕ چ پیشه‌یه‌ك هه‌لی كاری زیاتری لەبەردەمدایە‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاهێنانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پیشانه‌ی هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنن یەك بگرێتەوە و ئێمەش بەو پێوەرە خوله‌كانیان بۆ بكه‌ینه‌وه‌".
کوێستان محەمەد، گوتیشی: "ئێستا خه‌ریكی دروستكردنی سێ وه‌رشه‌ین بۆ بابه‌تی شۆفاژ، له‌لای ئێمه‌وە به‌ سه‌دان به‌شداربوو هەیە و باڵانسی جێنده‌رییش ڕاگیراوه‌ بۆ فێربوونی ئه‌م پیشانه،‌ و به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانمان ٣٠%ی ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نته‌ره‌كانمان ڕاهێنانیان كردووه،‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن پیشه‌ی خۆیان".

برەودانی زیاتر و هەلی كار بۆ گەنجان
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێت: "پێشتر حه‌وت سه‌نته‌رمان هه‌بوو، له‌م كابینه‌یەدا لە ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه دوو سه‌نته‌ری ترمان كردووه‌ته‌وه‌، هەروەها خه‌ریكی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری ڕاهێانی پشه‌یین له‌ شۆڕش، لەگەڵ ئەوەشدا كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاكرێ سه‌نته‌رێكی ڕاهێنانی پیشه‌ییمان هه‌بێت".
کوێستان محەمەد دەشڵێت: "یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا واژۆ كردووە و هه‌روه‌ها دیبەیتێكی فراوانییشمان له‌و بارەیەوە لەناو وه‌زاره‌ت ڕێك خست، بۆ زیاتركردنی هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چۆن كۆلێژ و به‌شی تایبه‌ت به‌ خوێندنی پیشه‌یی بكاته‌وه‌، بۆ ئەوەی لەلایەك كارەكانی ئەم بوارە پێش بكەوێت و زانكۆكانیش سوود له‌ سه‌نته‌ره‌كانمان بۆ قوتابیان وەرگرن".

تازەگەری و پێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان
"وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی به‌رنامه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه‌ بۆ پێدانی قه‌رزی بچووك له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا و له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی قه‌رزی بچووك بۆ گه‌نجان ڕابگەیێنن، ئەمەش هەلێك دەبێت لەبەردەم ئه‌وانه‌ی خوله‌كانی ناو ئەم سەنتەرانەیان ته‌واو كردووه‌، چونكه‌ فێری پیشه‌یه‌ك بوون و جیاوازن له‌وانه‌ی هیچ پیشه‌یه‌ك نازانن".

جۆر و كاتی خولەكانی ڕاهێنان
مامۆستا زانا، كە ڕاهێنەرە لە بواری دیزاینی سۆشیاڵمیدیا و كۆمپیوتەر، لە بەرێوەبەرایەتیی ڕاهێنانی پیشەییی هەولێر، دەڵێت: "ئامانج لە ڕاهێنانی بەشداربووان بۆ زیاتر فێربوونی ئەو كەسانەیە كە بێكارن یان دەرچووی كۆلێژ و پەیمانگاكانن و كاریان نییە، لەلای ئێمە پیشەییەكی سەردەمییانە فێر دەبن لە بواری دیزاینی سۆشیاڵمیدیا، ماركێتینیگ، كە لە ئێستادا دوو بواری زۆر گرنگن لە هەموو جیهان؛ بۆیە بەشداربوو فێری بوارەكە دەبێت و دەتوانێت لە دەرەوە كاری پێ بكات".
ئەو ڕاهێنەرە دەشڵێت: "خولێك پیش ئێستا، پێنج فێرخوازمان هەبوو، ئێستا نووسینگەیان هەیە و سۆشیاڵمیدیا لە بوارى دیزاین بەڕێوە دەبەن".
سیماڤ ئیبراهیم، وەك فێرخوازێك لەبارەی سوودوەرگرتنی لە خول و ڕاهێنانەكان لە سەنتەرەكەدا، دەڵێت: "من وەكوو كچێك هاتووم بەشدار بم لەم جۆرە خولانە، بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر وەربگرم لە بواری دیزاین و پەیوەندیكردن، چونكە ئەو بوارانە ئێستا بۆ هەموو جیهان زۆر گرنگە، بەپێی ئەو زانیارییانەی وەری دەرگرم لەم خوولە، دەتوانم لە بازاڕدا سوودیان لێ وەربگرم و سیڤیی تایبەتیی خۆم بەهێز بكەم، لەسەر ئەم بابەتە دەمەوێت زۆر فێر ببم، بۆ ئەوەی ئیشی خۆم بە ئاسانی بكەم و زۆر ماندوو نەبم".
ئەو فێرخوازە دەشڵێت: "وەكو قوتابییەكی دەرچووی كۆلێژ، سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، كە ئەم پڕۆژەیەی بۆ لاوان دروست كردووە و یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ ئێمە، تاكوو بتوانین كاری تایبەتی بكەین بەو زانیاریانەی لەم خولانەدا دەستمان دەكەوێت".
ئامانج لەم سەنتەرانە و جۆر و چۆنییەتیی خولەكانیان، به‌ به‌رنامه‌ دامه‌زراون و به‌ پاڵپشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییە؛ ئەم كابینەیە گرنگییه‌كی ته‌واو به‌ ڕاهێنانی گه‌نجان دەدات تا پسپۆڕییەكیان هەبێت و سوودی لێ وەربگرن، چونكه‌ ئەمە یه‌كێكه‌ لە كاره‌ له‌پێشینەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.