Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 11:17

عێراق زانیاری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی ئه‌مساڵی جوتیاران بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م زانیاری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی ئه‌مساڵ (2023)ی جوتیاران ئاشكرا كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی باش له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ دابینكراوه‌ و هه‌ر ئه‌مساڵیش پاره‌ی گه‌نمه‌كه‌ به‌ جوتیاران ده‌درێت.

وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه‌: حه‌یده‌ر نووری ئه‌لگه‌رعاوی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی گه‌نم له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ تاوتوێكردنی پڕۆسه‌ی گه‌نمی ئه‌مساڵ ئاماده‌بووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رۆژی 1ی مانگی داهاتوو دیاری كراوه‌ بۆ پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی بڕه‌ گه‌نمی 2023ی جوتیاران.

ڕاشیگه‌یاند: له‌لایه‌ن محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕه‌زامه‌ندی دراوه‌ بڕی 500 ملیار دینار بۆ كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی ئه‌مساڵی جوتیاران دابین بكرێ.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: جوتیاران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر دوای وه‌رگرتنی گه‌نمه‌كانیان، بڕی پاره‌كانیان پێ ده‌درێت.

وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری دا له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌ی توند سه‌رجه‌م سنووره‌كان بۆ هاورده‌كردنی گه‌نمی ده‌ره‌وه‌ دابخرێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا گه‌نمی ناوخۆی تایبه‌تی جوتیارانی خۆماڵی له‌ سایلۆكان وه‌ربگیرێن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ بۆ ئه‌مساڵ هه‌ر ته‌نێك گه‌نمی خۆماڵی به‌رامبه‌ر به‌ 850 هه‌زار دینار له‌ سایلۆكان وه‌رده‌گیرێن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.