له لێدوانی بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی په‌رله‌مانتارێكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس له دۆخی ئێستای عێراق و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات.
د.نەدا مێرگەسۆری پەرلەمانتاری پێشووی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له باره‌ی پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدڕاڵی و هه‌رێم به ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند: ئاشكرایه كه محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی زۆر لە پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستان دەدات.
ده‌شڵێت: بارودۆخی ئێستای عێراق پێویستی بەوەیە كە حكومەتی عێراق هەوڵ بۆ چارەسەركردنی گرفتە سیاسی و ئابورییەكان بدات ، سه‌رۆك وه‌زیرانیش هەنگاوی كرداری بهاوێژیت بۆ چارەسەری پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوو هه‌ولێر و به‌غدا، به‌م هه‌نگاوه‌نه‌شی پێگەكەی زیاتر جێگر دەبێت و پاڵپشتی زیاتری سەركردایەتی سیاسی كوردستانیشی لەگەل دەبێت، چونكە بیرمان نەچێت سوودانی بە پاڵپشتی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی لە پەرڵەمانی عێراق و متمانەی هەموو لایەنەكانی دیكەی نێو پەرڵەمانی وەرگرت.
د. نه‌دا مێرگه‌سۆری له باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ڵێت: رێككەوتنێك لە نێوان كورد و سودانی هەیە كە سودانی دەبێت لە ماوەی دیاریكراو ئەو بەندانەی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكات.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پێشووی عێراق له فراكسیۆنی پارتی له‌باره‌ی بوودجه‌ی عێراق رایگه‌یاند: ئێستا كە بوودجە لە حكومەت پەسەند كراوە و ڕەوانەی پەرلەمان كراوە ، گرنگە كە لایەنەكانی نێو پەرلەمان بەشە بوودجەی هەرێم پەسەند بكەن، جارێكی دیكە وەك كارتی فشار بەكاری نه‌هێنن، چونكە بەشە بوودجەی هەرێم شایستەیەكی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستانه.
له كۆتاییدا د. نه‌دا مێرگه‌سۆری رایده‌گه‌ێنێت: خۆشبختانە هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هه‌رێم له ئێستادا ڕوانگەی چارەسەری كێشەكانی نێوانیان هەیە، ئومێد دەخوازین كە سوودانی هەنگاوی كرداری بهاوێژێت بۆ چارەسەری یاسایی بۆ پرسی نەوت و غاز و دادگای فیدراڵی ، ئەنجومەنی فیدڕاڵیش بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی زۆر لە كێشەكانی هەردوو حكومەت چارەسەر دەبن.
ئا/ فەرمان عەلی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.