لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ، پزیشكان و پسپۆڕان چەندین رێنمایی بڵاودەكەنەوە بۆئەوەی موسڵمانان بەشێوەیەكی تەندروست پێشوازی لەم مانگە بكەن و ئامادەبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگیانەی دێنە پێشەوە و دووربن لەكێشەی تەندروستی.
رۆژووشكاندنی تەندروست:
* واباشترە بە خورما لەگەڵ كوپێك ئاوی مام ناوەند رۆژوو بشكێندرێت و نوێژی ئێوارە بكرێت ، پاشان نان بخورێت.
* خواردنی خۆراكی تەندروست و هاوسەنگ و دووركەوتنەوە لەشیرەمەنی و بەكارهێنانی میوە.
* دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی رۆن و كەرە لەئامادەكردنی خۆراك و گۆڕینی بەزەیتی رووەكی و بەكارهێنانی بەشێوەیەكی مام ناوەند.
* بەكارهێنانی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بەریشاڵە خۆراكیەكان وەك پاقلەمەنیەكان و سەوزە و میوە.
* دووركەوتنەوە لەخواردنەوە گازییەكان و ساردەمەنیەكان لەگەڵ ژەمە نانی ئێوارە.
* خواردنی خۆراك بە هێواشی و زۆر باش جووینی خۆراك.
* خواردنەوەی بڕەئاوی پێویست لەنێوان وادەی رۆژووشكاندن و پارشێو.
* دووركەوتنەوە لە پاڵكەوتن یاخود خەوتن لەدوای نان خواردن راستەوخۆ.
* زیادكردنی جووڵە و چالاكی ، نوێژكردن بە باشترین راهێنان لەمانگی رەمەزاندا دادەنرێت و دەبێتە هۆی چالاككردنی سوڕی هاتوچۆی خوێن و ئاسانكاریی هەرسكردن و سووتاندنی چەوری.
تایبەتمەندییەكانی خواردنی پارشێو:
- پێویستە خواردنی پارشێو بریتی بێت لەخۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ریشاڵەكان و ئەو خۆراكانەی ووزە دەدەنە جەستە لەوانە نان و پرۆتین یاخود هێلكە و شیر و شیرەمەنیەكان و پاقلەمەنیەكان كەدەبنە هۆی دواخستنی هەستكردن بە برسێتی.
-دەبێت خواردنی میوە و سەوزە لەكاتی پارشێودا لەبیر نەكرێن.
- دووركەوتنەوە لەو خۆراكانەی پڕلەچەورین وەك خۆراكە خێراكان یاخود شیرەمەنی پڕ لەشەكر چونكە ئەوانە دەبنە هۆی هەستكردن بەتینوێتی و برسێتی.
ژێدهر- تەندروستی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.