ئه‌و هاووڵاتییه‌ی له گوندێكی سه‌ر به سنووری شارۆچكه‌ی سیده‌كان بۆمبێكی نه‌ته‌قیوی مه‌ترسیداری دۆزییه‌وه، داوا ده‌كات لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان چاره‌سه‌رێكی بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی بدۆزنه‌وه، چونكه نزیكی شوێنی دانیشتووانه و مه‌ترسی زۆری بۆ هاووڵاتییان هه‌یه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م هاووڵاتییه‌كی گوندی گۆڕمهمكی له سنووری شارۆكه‌ی سیده‌كان چه‌ند وێنه‌یه‌كی بۆمبێكی گه‌وره‌ی بڵاو كرده‌وه كه دۆزیبوویه‌وه.
هاووڵاتی لەزگین مستەفا تایبه‌ت بۆ (كوردستان تیڤی) گوتی: ئه‌مڕۆ سێشه‌م له كاتی گه‌ڕان بۆ كۆكردنه‌وه و هێنانی گژوگیای به‌هاری ئه‌م بۆمبه نهتهقیوهیهم بینییه‌وه.
گوتیشی: ئه‌و شوێنه‌ی بۆمبه‌كه‌ی لێ كه‌وتووه سنووری چه‌ندین گوند و ئاواییه‌كه و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر شوان و كاسبكاران و دانیشتووانی سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه دروستكردووه.
هه‌روه‌ها گوتی: داوا له تیمه‌كانی ده‌زگای مین و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی ده‌كه‌م چاره‌سه‌رێك بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پاشماوه نه‌ته‌قیوه مه‌ترسیداره بدۆزنه‌وه.
هاووڵاتییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه پێی وایه بۆمبه‌كه پاشماوه‌ی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا و شه‌ڕی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه له گوندی گۆڕمهمكی له سنووری شارۆچكه‌ی سیده‌كان.
سیده‌كان / مه‌هدی داوود
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.