ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان، شەش ھەزار کورسی بۆ خوێندنی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا راگەیاند.
ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگهیاند: پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەسەر سێ بازنەی سەرەکیدا دابەش دەبێت، بازنەی یەکەمیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵایە کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکە دەگرێتەوە. بازنەی دووەمیان بۆ وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بازنەی سێیەمیان سیستەمی پاڕالێڵە کە بۆ ھەموو ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە بە دامەرزاو و دانەمەزراوەوە.
گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ شەش ھەزار کورسی بۆ خوێندنی باڵا، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا تەرخانکراوە و لەو ژمارەیەش ھەزار و800 کورسی بۆ دکتۆرا، سێ ھەزار کورسی بۆ ماستەر و ھەزار و 200 کورسی بۆ دیبلۆمی باڵا".
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان لەبارەی رسومات و رێنماییەکانیشەوە رایگەیاند "رێنماییەکان بۆ دۆخی ئێستا گونجاون، ھەروەھا تێچووی رسوماتی پێشکەشکردن، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکراوە و ئێمە ناتوانین دەستکاری بکەین، تەنیا کەسوکاری پلە یەکی شەھیدان لەو رسوماتە دەبەخشرێن".
ئارام محەمەد قادر سەبارەت بە دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان گوتی: "ئەوەی ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵایە لەوبارەیەوە جێبەجێی کردووە و چەند ھەنگاوێکی کەمی ماوە لە وەزارەتی دارایی و نابێت رێگابدرێت قوتابییان بەبێ دەرماڵە ساڵی خوێندن تەواو بکەن".
ھەر بەپێی رێنماییەکان، بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پێشکەشکار رەچاو ناکرێت و بەم پێیەش ھەر پێشکەشکارێک تێکڕای نمرەی سەدا 50 بێت ئەوا مافی پێشکەشکردنی ھەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.