لە 31/3/1991 و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا كۆڕەوی ملێۆنی گەلی كوردستانی عێراق، ویژدانی جیهان و مرۆڤایەتی هەژاند، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆی ئەو ساڵەداو بەمەبەستی ناڕەزای دەربڕین بەرانبەر گەڕانەوەی سوپا داپلۆسێنەرەكەی رژیمی بەعسی لەناوچوو, دوای ئەوەی هێرشی سەربازی كردەوە سەر ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان گەلی كوردستانی عێراق بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە، مەزنترین كۆڕەوەی بۆ سەر سنورەكانی كوردستان دەست پێ كرد، لەو رۆژەدا زیاتر لە ملێۆنێك هاووڵاتی كوردستانی عێراق لەژێر باران و بەسەر بەفرو بەستەڵەكی شاخەكانی كوردستاندا رێرۆیشتنێكی تراژیدیانەیان دەست پێكرد، لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆریان لە برسان و لە سەرمای ئەو كاتە، گیانی خۆیان لەدەستدا، كە زۆربەیان منداڵ بوون، ئەمە جگەلەوەی لە زۆر قۆناغی ئەو كۆڕەوەدا سوپای عێراق بە فڕۆكەو تۆپخانە بۆردمانی ئەو هاوڵاتییە بێ چەك و بێ تاوانانەی دەكرد، كۆڕەو ریفراندۆمێكی جەماوەری بوو بۆ رەت كردنەوەی ژێردەستی و چەوسانەوە و سەرلەنوێ نەگەڕانەوەی ئەو سوپایەی كە هێرشی بەدناوی ئەنفالەكانی بۆ سڕینەوەی بوونی كورد ئەنجامدابوو، كۆڕەو هەڵوێستێكی دەستەجەمعی گەلی كوردستان بوو كە گوزارشتی لە ئیرادەی میللەتێك دەكرد كە راپەڕینی كردو ئازادی بەدەست هێناو دواتر ئامادە نەبوو دەستی لێ هەڵبگرێت، كۆڕەو نەك تەنیا بۆ پاراستنی ئەو ئازادییە بوو، بەڵكو بۆ ناسنامە و ناساندنی دۆزی رەوای كورد بوو، بە هەموو جیهان. كۆڕەو دۆزی كوردی بردەوە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەجۆرێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیدی نەیتوانی چاو لەو زوڵمە مێژووییە بپۆشێت، كە سەدان ساڵ بوو لە كورد دەكرا، جێی ئاماژەیە رژیمی بەعس لەرێگەی زنجیرەیەك هێرشی سەربازی دڕندانەوە، لە 27ی ئاداری ئەو ساڵەوە توانیبووی كەركوكی دڵی كوردستان و شاری هەولێرو زۆر ناوچەی تری هەرێمی كوردستانی ئازاد كراو داگیر بكاتەوە و كردەوەی بەكۆمەڵكوژی لە زۆرێك لەو ناوچانەی كە داگیری كردبونەوە ئەنجام بدات ،بەڵام گەلی كوردستان لەرێگەی كۆڕەوە مێژووییەكەی، ئەو هێرش و زۆردارییەی رەت كردەوە و سەلماندی گەر لە رووی سەربازیشەوە نەتوانێت رێگا لە هێرشی سوپایەكی وا بە زەبروزەنگ بگرێت، ئەوا ئامادەیە لە پێناوی ئازادی و رەت كردنەوەی ژێردەستەیی و چەوسانەوە، مەزنترین كۆڕەو لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا تۆمار بكات، كۆڕەو رێگەی نەدا، سەرلەنوێ دۆزی رەوای كورد بەدوور لە ویژدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چاوی وڵاتانی بڕیاربەدەستەوە سەركوت بكرێتەوە. كۆڕەو نەیهێشت ئەو ئازادیە خەڵتانی خوێن بكرێت كە بە خوێنی ئاڵی دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتی، لە راپەڕینی ئاداری 1991 بە دەست هاتبوو. كۆڕەو نەیهێشت دۆزی رەوای كورد، وەكو پێشوو، وەك كێشەیەكی ناوخۆی تەماشا بكرێت. هاوكات ناكرێت رۆڵی میداكارانی جیهانیش نادیدە بگرین، چونكە زۆربە خێرایی هەواڵ و وێنە تراژیدییەكانی كۆڕەوی ملێۆنی گەلی كوردستانی عێراقیان بۆ هەموو جیهان دەگواستەوە و بەوەش رای گشتی ئەوروپا و ئەمریكاو سەنتەرە بڕیاربەدەستەكان و گروپەكانی گوشار لە هەموو جیهان دیمەنەكانی كۆڕەویان بینی و چیدی، هیچ كەس و لایەنێك نەیانتوانی چاو لەو زوڵمە بپۆشین، كە بەبەرچاوی جیهانەوە لە كورد دەكرا. ئەو كۆڕەوەی گەلی كوردستان بووە هۆی كە لە 5 ی نیسانی 1991 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 688 ی دەربكات و تیایدا ئاماژەی بەو كردەوانەی رژیمی بەعس كرابوو ،كە لە دژی دانیشتوانی سڤیلی عێراق دەیكات و بەناو باسیشی لە هاولاتیانی كوردستانیش كردبوو و لە بەندی یەكەمی ئەو بڕیارەدا زۆربە ئاشكرا سەركۆنەی ئەو كردەوە سەركوتكرانەو داپڵۆسێنرانە كرابوو و داواش لە بەغدا كرابوو كە دەستەبەجێ ئەو كردەوانە بوەستێنێت و دەست بە گفتوگۆ بكات و رێز لەمافەكانی مرۆڤ و مافە سیاسییەكانی تەواوی هاولاتیانی عێراق بگرێت، هەرلەوێشەوە ئیتر مەزنترین هەڵمەتی فریاگوزاری بۆ كوردستانی عێراق دەستی پێكردو قۆناغێكی نوێ لە مێژووی كوردستانی عێراق دەستی پێكرد, ئەمەش رێگەی خۆش كرد لە باوەشی كوردستانێكی ئازاددا هەڵبژاردنێكی گشتی دیموكراتیانە ئەنجام بدرێت و لەو هەڵبژاردنەدا تەواوی نەتەوەو ئاین و ئایینزاكانی كوردستان بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.