Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 00:41

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات

کوردستان TV
100%

دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بنیاتنانی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات.

کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 02ـی 04ـی 2023 دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت و کارنامەی دانیشتنەکەیان بڵاو کردۆتەوە کە چەند تەوەرێکی لەخۆگرتووە.

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تەوەری دووەمی دانیشتنەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە زیاتر لە 10 ساڵە خەڵکی هەڵەبجە چاوەڕوانی بڕیاری بەپارێزگابوونی شارەکەیان دەکەن.

لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ڕەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 11 لە ڕۆژی 13ـی 03ـی 2023 پڕۆژەیاسای بنیاتنانی پارێزگای هەڵەبجە لە عێراق، ژمارە 23131 پەسەند کرد.

دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە هەولێر  و لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا و لە میانی سەردانەکەی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سوودانی ڕایگەیاند: ئەم تاوانە گەورەیەی کە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆرەوە بۆ سەر هەڵەبجە ئەنجام درا لە ویژدانی عێراقییەکان و مرۆڤایەتیدا لەبیر ناکرێت، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی و دەوڵەتی عێراقە کە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە قوربانییەکان جێبەجێ بکات.

لەبەرامبەردا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە پەسەندکردنی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد و ئاماژەی بەوە دا، "هیوادارم ئەم بڕیارەی کە دراوە ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی هەڵەبجە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.