Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 20:25

توێژینەوەیەکی نوێ: ڕووەکەکان دەگرین و ئاژەڵەکانیش گوێیان لێیەتی

کوردستان TV
100%

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە، کاتێک ڕووەکەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئاو نادرێن و بێ ئاو دەبن یاخود ئەو کاتەی لەژێر فشارێکدان، دەنگ دروست دەکەن و ئاژەڵانیش دەتوانن گوێیان لەم دەنگانە بێت.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ئیسرائیل ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری (Cell)ـدا بڵاو کراوەتەوە، ئەو ڕووەکانەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئاو نەدرابن، یان لقەکانیان بڕدرابێت، دەنگ دروست دەکەن.

تاقیکردنەوەکان لە ژوورێکی دژە دەنگ و دواتر لە ژینگەیەکی گەرم و ژاوەژاو ئەنجام دراون، توێژەران ئامێرێکیان بۆ جیاکردنەوەی ئەو ڕووەکانەی بێ کێشەن، ڕووەکی تینوو و ڕووەکی بڕاو بەکارهێنا. بەپێی توێژینەوەکە ئەو دەنگانە کاتێک دەرکەوتوون کە وشککراونەتەوە، یان لقەکانیان بڕاوە.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو ڕووەکانەی ئاوی پێویستیان دەست نەدەکەوت پێش ئەوەی زۆر وشک ببنەوە دەستیان بە دەنگە دەنگ کرد، دوای 5 ڕۆژ لە بێ ئاو بوونیان، دەنگەکان گەیشتنە لوتکە، لە کۆتاییدا دەنگەکان هێواش هێواش کەمبوونەوە لەگەڵ وشکبوونەوەی ڕووەکەکان بە تەواوی، هەروەها جۆری دەنگەکان بەپێی فشارەکان جیاوازیان هەبوو.

توێژەری ئەو توێژینەوەیە، لیلاک هادانی زانای بایۆلۆجی و پەرەسەندن لە زانکۆی تەلئەبیب گوتی: تەنانەت لە کێڵگەیەکی ئارامیشدا دەنگ هەیە کە گوێمان لێی نییە و ئەم دەنگانەش زانیارییان لەخۆگرتووە، ئاژەڵ هەیە دەتوانێت گوێی لەم دەنگانە بێت.

گوتیشی: بۆمان دەرکەوت کە زۆرێک لە ڕووەکەکان بۆ نموونە:- گەنمەشامی، گەنم، ترێ و کاکتۆس دەنگ دروست دەکەن کاتێک فشاریان لەسەرە، هەروەها ڕووەکی تەماتە لەژێر فشاردا نەبێت، زۆر ئارامە.

توێژینەوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە فرێکوێنسیی ئەم دەنگانە زۆر بەرزە، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بیانبیستێت، بەڵام بەڕای توێژەران مێروو، شیردەرەکان و ڕووەکی دیکە ئەگەری بیستنی ئەو دەنگانەیان هەیە.

تاوەکوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە هۆکاری ئەو دەنگانە چین، بەڵام توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە دەکرێت هۆکارەکەی بۆڕییە گوێزەرەوەکانی ڕووەکەکە بێت.  

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.