Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 17:03

حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ داوایه‌ك له‌ په‌رله‌مان ده‌كات

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م داوای له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد په‌له‌ بكات له‌ كۆتاهێنان به‌ كاره‌كان و په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌.

باسم ئه‌لعه‌وادی گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ نوێنه‌رانی خه‌ڵك و په‌رله‌مانتاران دۆخی ئێستای وڵات له‌به‌رچاو بگرن و په‌له‌ بكه‌ن له‌ ته‌واوكردنی كاره‌كان و په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان به‌وپه‌ڕی تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه خزمه‌تگوزاری و وه‌به‌رهێنانه‌كان.

ڕاشیگه‌یاند: حكوومه‌ت داوا له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی كاره‌كانی په‌سندكردن پڕۆژه‌یاسای بودجه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ قووت و بژێوی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ حكوومه‌تی بڕوای ته‌واوی به‌و بناغانه‌ هه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌ به‌تایبه‌تیش كه‌ بودجه‌ی ئه‌مجاره‌ بۆ سێ ساڵی داهاتووه‌ و حكوومه‌ت ده‌توانێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سێ ساڵه‌ پلانی سترتیژی دابڕێژێت و ژێرخانی گرینگی خزمه‌تگوزاری بنیاتبنێت.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق خۆی ڕاسته‌وخۆ چاودێری كاره‌كانی په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌كات و ئاماده‌یه‌ خۆی بێته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی سه‌رنج و پرسیاره‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر  پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی بداته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕوانه‌كردنی ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی بۆ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاگه‌یاندبوو.

مه‌نده‌لاوی داواشی له‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردبوو گفتوگۆكانیان چڕ و خێراتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكترین دانیشتندا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.