Erbil 38°C شەممە 04 کانوونی دووەم 03:54

ئەمساڵ بە دوو هەفتە شایستەی دارایی جووتیاران دەدرێت 

850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێكی گەنم دەستنیشانكراوە
کوردستان TV
100%

بە هۆی بارینی رێژەیەكی زۆری باران لەمساڵدا، مەترسی لەسەر وشكەساڵی و بەروبوومی دانەوێڵەی جووتیارانی سنوری پارێزگای دهۆك نەماوە، بەشێوەیەكی گشتی بڕی پێویست باران بۆ دانەوێڵە باریوە و ئاستی گەشەكردنی بەروبوومەكانیش لەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، زیاترە.
لەوبارەیەوە ئاڤەدەل حوسێن، بەڕپرسی یەكێتی جووتیارانی كوردستان لە قەزای سێمێل سەر بە پارێزگای دهۆك، كە زیاتر لە 40 ساڵە گەنم لە دەشتی سلێڤانەییا دەچێنێت، دڵخۆشی خۆی بە بارینی بڕی پێویست بارانی ئەم ساڵ دەربڕینی و گوتی: "ئەم ساڵ تاوەكو ئێستا نزیكەی 300 ملم باران لە سنووری ناوچەی سێمێل و باتێلێ باریووە، ئەمساڵ خوای گەورە رەحمێكی باشی لە گەڵ ئێمەدا كردووە، زەوی داچێندراو بە دانەوێڵە تێر ئاو بووە و هێندەی نەماوە جووتیاران نزیك ببنەوە لە وەرزی دروێنە، ئەگەر لە 20ی نیسان تاوەكو سەرەتای مانگی ئایار تەنها دوو بارانی دیكە ببارێت هیچ كێشەیەك بۆ دانەوێلەی ناوچەكە دروست نابێت و بە وەرزی دروێنە دەگەین.
ئاڤدەل حسێن گلەیی و داواكاری لە وەزارەتی كشتۆكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان هەیە و دەڵێت: وەزارەتی كشتۆكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، پێداویستی جووتیاران لە تووی گەنم و پەیین و دەرمانی قڕكەر و گازوایل وەكو پێویست دابین ناكات، هەندێك جار جووتیار زیانمەند دەبن، حكوومەت قەرەبووی زیانەكان ناكاتەوە.
دەشتی سلێڤانەییان گەورەترین دەشتی بەرینی چاندنی گەنم و جۆیە‌ لە سنووری پارێزگای دهۆك كە رووبەرەكەی بە نزیكەی 400 بۆ 500 هەزار دۆنم مەزەندە دەكرێت و ساڵانە 250 تاوەكو 300 هەزار دۆنم لەو رووبەرە دەكرێت بە گەنم و جۆ.
هەروەها عەبدوڵڵا محەمەد عەلی جووتیارێكی دەشتی قەزای سێمێلە و نزیكەی 40 ساڵە گەنم دەچێنێت، ئەو نزیكەی هەزار دۆنم زەوییە كشتوكاڵییەكەی كردووە بە گەنم گوتی: ساڵی رابردوو و ساڵی پێشتریش لەبەر نەبارینی باران، هەموو جووتیارانی ناوچەكە نەیانتوانی گەنمەكەیان دروێنە بكەن، من بە تەنها بە گۆژمەی 100 ملیۆن دینار زەرەرم كرد و جووتیارانی دیكەش بەهەمان شێوە
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك، جووتیاران نزیكەی 800 هەزار دۆنم زەوی گەنم و جۆیان چاندووە و بە رێژەی 85 بۆ 90لەسەدای پشت بە بارینی باران دەبەستێت.
هاوكات ئەحمەد جەمیل ، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك، لە لێدوانێكیدا گوتی: ئەمساڵ ئەو رێژە بارانەی باریووە زۆر دلخۆشكەرە بۆ كشتۆكاڵ و وشكەساڵیمان تێپەراندووە، بەرهەمێكی باشی گەنم دەبێت، ئێمە پێشبینی دەكەین تاوەكو 300 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بێت
گوتیشی: ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت، بە دوو هەفتە شایستەی دارایی جووتیاران دەدرێت و 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێكی گەنم دەستنیشانكراوە.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.