ئەمڕۆ سێشەممە 4ی نیسانی 2023، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال كرا، هەروەها ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا ، كە رێككەوتنێكی كاتییە تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال یان یاسای نەوت و غاز.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، جەختی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە وەك خۆی و لە نزیكترین دەرفەتدا کردەوە تاوەكوو ببێتە بنەمایەك لەپێناو پتەوكردنی گیانی هاوبەشی و قووڵكردنەوەی متمانە لەنێوان هەردوو لادا.
سەرۆك وەزیرانی فیدرال، هیوای خواست كە ڕێككەوتنەكە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و گوتی: ”بەرژەوەندیمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەكانە“.
هەروەها ڕوونیكردەوە كە ئەم ڕێككەوتنە ، دەبێتە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردنی هەردوو یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و یاسای نەوت و غازی فیدرال بە گیانێكی هاوبەش، پاش پەسەکردنیان.
دواتر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدرال، لە ڕێوڕەسمێکدا ، ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش واژۆکرا .
پاشان هەردوولا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە وردەكاریی ڕێككەوتنەكە كرد و وەڵامی پرسیاری ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسانیشیان دایەوە.
بڕیارە بەپێی ڕێککەوتنەکە ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێ بکاتەوە.
بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی فیدرال ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت واژۆ کرا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.