Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 07:33

هەڵمەتى سزادانى ئەو شوێنانە دەستى پێ کرد کە تابلۆى شوێنەکانیان بە کوردى نەنووسیوە

کوردستان TV
100%

ئەمرۆ سێشەم لە سەر فەرمانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمى کوردستان و لەپێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و گۆڕینى تابلۆی شوێنە گشتییەکان بۆ کوردى، له‌ شاری هه‌ولێر هەڵمەتى سزادانى ئەو شوێنانە دەستى پێ کرد کە تابلۆى شوێنەکانیان بە کوردى نەنووسیوە.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ده‌ستی پێ كرد، و له‌ سه‌ره‌تاش دەست کرا بە هەڵمەتى سزادانی پێبژاردنی سەرجەم ئەو کۆمپانیا و شوێنە بازرگانی و هوتێل و ریستۆرانت و چێشتخانە و کافتریانەی کە لە دوای پێدانی یەک مانگ مۆڵەت بۆ گۆڕین و نووسینى تابلۆی شوێنەکانیان بە کوردى، تاکو ئێستا نەیانگۆڕیوە.

پارێزگای هه‌ولێر جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆ دەستى پێ کردووه‌ بەردەوام دەبێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ وەک قۆناغى یەکەم ڕێکارى پێبژاردن بەرامبەر سەرجەم ئەو کۆمپانیا و شوێنە بازرگانی و هوتێل و ریستۆرانت و چێشتخانە و کافتریانە دەگرێتەوە کە تابلۆی شوێنەکانیان نە گۆریوە بۆ کوردى.

پارێزگای هه‌ولێر جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لە قۆناغى دووەمدا ئەگەر شوێنه‌كان بەردەوام بوون لەسەر سەرپێچییەکەیان، تابلۆى شوێنەکانیان لەلایەن شارەوانییەکان لێ دەکرێتەوە و شوێنەکەشیان بۆ ماوەیەک دادەخرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.