ڕۆژى 29ى ئادارى2023، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، خوێندنی دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرای لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، كە كۆی گشتی 7 هەزار و 600 كورسی خوێندنە بۆ هەر سێ ئاستەكە، هەروەها بۆ كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان و قوتابیانی ناوچە کوردستانییەکان، كە لە كورسیی پارالێڵ وەردەگیرێن، ئاسانكارییان بۆ دەكرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان لایەنی داراییان لە ئەستۆ دەگرێت.
کورسییەکان بەسەر سێ ئاستی خوێندندا دابەش کراون
د. ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە و پەرەپێدان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كورسییەكانی خوێندنی باڵا چوار ئاستی خوێندنمان هەیە، یەكەمیان دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی نمرەیە، ژمارەی كورسی تەرخانكراو بۆیان 2 هەزار و 308 كورسییە، دبلۆمی دوو ساڵەی پزیشكیی كلینیكی، كە تەنیا بۆ پزیشكەكان تەرخان كراوە، ژمارەی كورسییەكانیان 160 كورسییە، ماستەر بە هەموو بەشە زانستییەكان 3 هەزار و 312 كورسیە، دكتۆرا بۆ هەموو بەشە زانستییەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان هەزار و 834 كورسییە و كۆی گشتی دەكاتە 7 هەزار و600 كورسی".
کەسوکارى شەهیدان بێبەرانبەر دەخوێنن
لەبارەی دابینكردنی كورسیی خوێندن بۆ كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان، د. ژاڵە سەعید، گوتی: "ڕێنماییەكی داراییمان هەیە بۆ كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان و كورسیان بۆ تەرخان دەكرێت، لە كاتێكدا هەموو مەرجەكانی تێدا بێت و لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی سەركەوتوو بێت. بەڵام ئەگەر كورسی نەمابوو، ئەوا لە دەرەوەی پلان بۆی تەرخان دەكرێت، ئەمە یەكێكە لە ئاسانكارییەكان". لەبارەی تێچووی خوێندن و لایەنی داراییەوە گوتیشی: " كاتێك یەكێك لە كەسوكاری شەهیدان لە كورسی پارالێل وەرگیرا، وەك ئاسانكاری بۆیان، حكومەتی هەرێم لایەنی دارایی لەئەستۆ دەگرێت".
ئاسانکاری بۆ قوتابیانی ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت
لەبارەی پلان و ئامانجی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ خوێندن و ئاسانكاری بۆ هاونیشتمانیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە و پەرەپێدان، دەڵێت: "بە فەرمانێكی وەزاری، كە ئامانجمان لە دەركردنی ئەو فەرمانە بۆ ئەوانەی دامەزراون و مونتەسیبن لەو زانكۆ و پەیمانگایانەی لە كەركوك هەن و پێویستیان بە كادیر هەیە، بۆیان دابین بكرێت، لەو ناوچانە ئاسانكاری بۆ خوێندنی باڵا بەشێوەیەكی گشتی ماستەر و دكتۆرا و بۆ بەكالۆریۆسیش كراوە، چونكە ئەوان فەرمانبەری كوردستانین و ناتوانن لەسەر كورسی گشتی پێشكەشی بكەن، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكارییەكیان بۆ دەكات و لە كرێی خوێندن دەیانبەخشێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.