وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05ـی 04ـی 2023 نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جەختی کردەوە کە "پێشوازی لەم ڕێککەوتنەی نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ستایشی ڕێککەوتنەکە دەکات و ئاماژەی بەوە داوە کە "ئەم ڕێککەوتنە لە ئەنجامی ماندووبوونی سەرکردەکانی عێراقە کە پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق لەپێش هەموو شتێکەوە دادەنێن."
دوێنێ سێشەممە 04ـی 04ـی 2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی هاوبەش واژۆ کرا.
سەرۆکی حکوومەت دوای ڕێککەوتنەکە جەختی کردەوە کە "پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبێت و دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ ڕایگەیاند، ئێستا دەبێت جەختمان لەسەر فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر بێت بە شێوەیەک کە سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق هەبێت."
هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی هەر دوێنێ سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و ڕێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسف کرد.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو ڕێککەوتنە کرد و لە ڕاگەیەنراوێک دووپاتى کردەوە کە "ههرێمى كوردستان وهك ههميشه ئامادهيه بۆ چارهسهر به گفتوگۆ و لێكگهيشتن لهسهر بنهماى دهستوور كه له بهرژهوهنديى تهواوى عێراقدايه و دهبێته هۆى سهقامگيريى سياسى و ئابووريى وڵات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.