تا ئێستا بەهۆی كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر نییە و رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەمەش هاووڵاتییانی بەگشتی و بازرگانانیشی بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە.
مانگی رابردوو، بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند كە دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو كە نرخی كڕینی یەك دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ھەزار و 300 دینار دیاریی كراوە و فرۆشتنی یەك دۆلار بە بانكەكان لە رێگای سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە بە ھەزار و 310 دینار دیاریی كراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەك دۆلار لە بانكەكاندا بە ھەزار و 320 دینار دیاریی كراوە.
بەشێك لە كاسبكاران پێیان وایە تا ئێستا بەهۆی كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر نییە و رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەمەش هاووڵاتییانی بەگشتی و بازرگانانیشی بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە.
لەوبارەیەوە كاسبكارێكی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر گوتی: چەند رۆژێكە بەهای دینار بەرزبووەتەوە، هۆكارەكە بۆ گرتنەبەری چەند رێكارێك دەگەڕێتەوە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، یەكێك لەو رێكارانە ئەوەیە كە رۆژانە بڕێكی زۆر دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە كە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەیە.
گوتیشی: ئەم بەرزبوونەوەی بەهای دینار كاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی بازاڕ هەیە و هیوادارین كە بگاتە ئەو نرخەی كە بانكی ناوەندی مەبەستییەتی، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە لەكاتی پەسەندكردنی بوودجە بەهای دینار هێشتا بەرزدەبێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە كۆمپانیایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 135 هەزار دیناری عێراقی جێگیركردووە و بەم نرخە مامەڵە لەگەڵ كڕیارەكانیدا دەكات.
لەوبارەیەوە كارمەندێكی كۆمپانیایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی لە هەولێر، لەبارەی شێوازی نوێی فرۆشتنەوە گوتی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە كڕیارەكانمان سوودمەندبن، دۆخەكە بەهۆی بەرز و نزمی بەهای دینارەوە، دڵەڕاوكێی دروست كردووە، بۆیە ویستمان كەشێكی سەقامگیر بۆ كڕیارەكان فەراهەم بكەین و بڕیارماندا بۆ كەلوپەلەكان بۆ هەر 100 دۆلارێك بڕی 135 هەزار دینار وەربگرین، هاوكات ئێمە رەچاوی ئەوەشمان كردووە كە هەموو شایستە داراییەكانی هاووڵاتییان بە دینارە، بۆیەش ئێمە دینارمان جێگیر كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە كاتێكدا هەر 100 دۆلار بە 135 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام دەستكاری نرخی كەلوپەلەكان نەكراوە و هەمان ئەو نرخانەیە كە پێشتر لەسەر جێگركراوە و گوتیشی: لەم بڕیارە بەردەوامین تا دۆخەكە سەقامگیر دەبێت، ئەو نرخە لەسەر هەموو ماركەكانیشە، هەرچەندە ئێمە كەلوپەلەكان بە دۆلار دەكڕین، بەڵام بە دینار دەیفرۆشینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لە بۆرسەی سەرەكی بەغدای پایتەخت و لە هەرێمی كوردستان دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بۆرسەی ناوەندی كیفاح و حارسییە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بە150 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەكرا.
لەكاتێكدا بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار و 300 دینار بوو.
هەروەها لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش نرخی بۆرسە بەرزبووەوە، بەهۆی ئەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ هەر 100 دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 149 هەزار و 700 دینار و نرخی كڕینیش گەیشتە 149 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێكی ئەمریكی.
شایانی باسە بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی ئابووری ، لەكاتی پەسندكردنی بوودجەی گشتی عێراق، بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر دەبێت؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.