Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:36

بارانێکی زۆر دەبارێت و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە

کوردستان TV
100%

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەم هەفتەیە بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت، بارانێکی زۆر دەبارێت و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە، چونکە جیا لە زۆری ڕێژەی بارانەکە فراوانی مەودای بارانەکە زۆرە.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: سبەی یەکشەمە ڕێژەی ھەور زیاتر دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا ھەوایەکی گەرمی لەگەڵ دەبێت کە تاوەکو ڕۆژی سێشەممە بەمشێوەیە بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە بە ڕێژەی 3 تاوەکو 5 پلەی سەدی، لەو ماوەیەشدا بەتایبەت لە سبەیەوە ھەندێ ناوچە نمەبارانی دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکەی لاواز بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دھۆک.

ڕاشیگەیاند: بۆ ڕۆژی سێشەممە 11ـی 04ـی 2023 زیاتر کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان نزیک دەبێتەوە، ئاسمان بەزۆری دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە و خێرایی با زۆربەی کاتەکان مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاکبوون بەخۆیەوە دەبینێت بەخێرای 30 تاوەکو 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبێت، لە ئاراستەی باشوری ڕۆژئاواوە، هەروەها ئەگەری نمەباران لەھەندێ ناوچەدا دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە کاتەکانی شەوی سێشەممە لەسەر بەرەبەیانی چوارشەممە 12ـی 04ـی 2023 پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆ قوڵ و فراوانەی دەریای ناوەڕاست و کاریگەری بارستە ھەوایەکی گەرم و شێداریش لە باشووری ناوچەکەوە بەتەواوی بگاتە سەر ناوچەکانمان تاوەبارانی بەخوڕ و ھەورەتریشقە ناوبەناو لەسەرجەم ناوچەکاندا دەستپێدەکات.

ئاراس جەبار هەروەها سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژانی دواتر باسی لەوە کردووە کە لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 13ـی 04ـی 2023 ئەم مەودایە لووتکەی قوڵبوونەوەی ئەم شەپۆلەیە، لە سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئەگەری بارانێکی زۆر دەبێت بە جیاوازی کات و شوێنەکان ھەر لەچالاکبوونی ھەورەتریشقە و ھەندێک کات دابەزینی بای توند و بەھێز لە ھەورە بروسکەکانەوە بەخێرایی زیاتر لە 60 تاوەکو 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک ئەمەش زیاتر لە ناوچە نزمەکاندا ئەگەری ھەیە وەک سنووری گەرمیان و پارێزگای کەرکووک و سەنتەری پارێزگای ھەولێر بەگشتیی لەو ماوەیە بارانی بەلێزمە و تەرزە لەسەرجەم ناوچەکاندا ئەگەری دەبێت، بەدیارینەکراویش ھەندێ لەتاوەبارانەکان بەڕادەیەک بەھێز و بەخوڕ دەبن کە لەماوەیەکی کەمدا کەمتر لە سەعاتێک 40 تاوەکو 50 ملیممەتر دابارینیان دەبێت.

لە پێشبینییەکەدا هۆشداریشی کە "بەگشتیی حاڵەتەکە بەھێزە و پێویستە ئامادەکاری بکرێت بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە ڕوودانی لافاو لەھەر ناوچەیەکدا، چونکە جیا لە زۆری ڕێژەی بارانەکە فراوانی مەودای بارانەکە زۆرە کە لەیەک کاتدا پێشبینی دەکرێت ڕووبەرێکی زۆر لە ناوچەیەک بارانەکەی بەخوڕ بێت، ئەمەش لە حاڵەتەکانی پێشتر جیاوازە زیاتر دەبێتە ھۆی دروستبوونی لافاو."

ئەو شارەزایەی کەشناسی سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی ئاماژەی بەوە داوە کە شەپۆلەکە ڕۆژی پێنجشەمە بەگشتی لەکاتەکانی نیوەڕۆوە کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە کەم دەبێتەوە و تاوەکو ڕۆژی ھەینی ناوبەناو ھەندێک کات تاوەباران و ھەورەبرووسکە لەناوچەی جیاجیادا بەشێوەی کورتخایەن چالاک دەبێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.