دوای ئەوەی لەساڵی 2003 جۆرج بوش سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا مۆڵەتی (48) كاتژمێری دایە سەدام حسێن بۆ وازهێنان لە كورسی دەسەڵات و بەجێهێشتنی دەسەڵات، كە ئەو رژێمەیان تاوانبار كرد بە بوونی چەكی كیمیایی و كۆكوژیی و ناوەكی.
لە شەوی 20 ئاداری 2003 بە هەزاران مووشەكی ئەمەریكی لەناوچەی كۆشكی سەرۆكایەتی و ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت كەوتنەوە، دەنگی تەقینەوەی گەورە و بڵێسەی ئاگر دانیشتووانی بەغدای پایتەختی بە ئاگاهێنایەوە.
لەماوەی یەك رۆژدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا زیاتر لە هەزار جار گەیشتنە ئاسمانی عێراق و هەزاران مووشەكی كروزیان ئاڕاستەی ئامانجە سەربازییەكان و پێگەكانی رژێمی سەدام حوسێن كرد.
رۆژی دواتر، لە رێگەی فڕۆكەی جەنگی و مووشەكی دورهاوێژەوە زۆربەی سەربازگە و بنكە سەربازییەكانی حكومەتی عێراق لە بەسرە و موسڵ و كەركوك و دەوروبەری بەغدا كرانە ئامانج.
هەروەها رۆژی (25)ی ئادار، نزیكەی (4000) سەربازی هێزی دەریایی (مارێنز) لە رێگەی ئاوی كەنداوەوە گەیشتنە شاری ناسریەوە و سەر خاكی عێراق و بەرەو بەغدای پایتەخت پێشڕەوییان دەستپێكرد.
پاشان رۆژانی دواتر، هێرشی توند كرایە سەر كۆمەڵگەی كۆشكی سەرۆكایەتی و گاردی كۆماریی و پێگە سەربازی و ئەمنییەكانی رژێمی عێراق. هێزی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانە رۆژی (31)ی ئادار، هێزی مارێنزی ئەمەریكی رووبەڕووی گەورەترین بەرپەرچدانەوەی سەربازیی بوونەوە لە نزیك شاری كەربەلا و (110) كیلۆمەتر لە باشوری شاری بەغدا.
رۆژی (2)ی نیسان، دوای رووبەڕوبوونەوەیەكی قورس لەگەڵ سوپای عێراق، هێزی مارێنزی ئەمەریكی رێگای خۆیان بەرەو بەغدا كردەوە. هەروەها رۆژی (4)ی نیسان، هێزەكانی مارێنز دەستیان بەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادا گرت، هاوكات تەلەفزیۆنی بەغدا وێنەی سەدام حسێنی بڵاوكردەوە كە لەناو گەڕەكێكی شڕی بەغدا قسەی بۆ خەڵك دەكرد.
هەروەها رۆژی (7)ی نیسان، هێزەكانی ئەمەریكا دەستیان بەسەر سێ كۆشكی سەرۆكایەتیدا گرت لە بەغدا، لەوكاتەدا محەمەد سەعید سەحاف هێزەكانی ئەمەریكای بە (علوج) ناوبرد و لە وەڵامی رۆژنامەنووسان و سەبارەت بەوەی هێزەكانی ئەمەریكا گەمارۆی كۆشكی سەرۆكایەتیان داوە، گوتی :ئێمە گەمارۆی ئەو علوجانەمان داوە.
دواتر لە رۆژی (9)ی نیسان، هێزەكانی ئەمەریكا گەیشتنە مەدینە سەدام لە باكوری رۆژهەڵاتی پایتەخت و سەرجەم هێزەكانی سەدام پەرتەوازە بوون و كشانەوە، تانك و زرێپۆشەكانی ئەمەریكاش گەیشتنە گۆڕەپانی فیردەوس لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەخت و پەیكەرە بەناوبانگ و دیار و برۆنزییەكەی سەدام حسێنیان لەبەردەم هۆتێل فەڵەستین خستە خوارەوە، ئەوەش بووە سیمبولی كەوتنی رژێمەكەی سەدام حوسێن و كۆتایی بە حوكمی چارەكە سەدەیەكی راگەیەندرا.
20ساڵ بەسەر رزگاركردنی عێراق تێدەپەڕێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.