Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:59

فۆڕمی خۆراك ده‌بێته‌ ئه‌لیكترۆنی

کوردستان TV
100%

وه‌زیری بازرگانی عێراق به‌فه‌رمی فۆڕمی خۆراكی ئه‌لیكترۆنی ڕاگه‌یاند و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا هاووڵاتییان ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی ئه‌پلیكه‌یشنێكه‌وه‌ به‌ مۆبایله‌كانیان ناو منداڵی تازه‌له‌دایكبووه زیاد بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی بچنه‌ فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ تۆماركردن.

ئه‌سیر داود غه‌ریری وه‌زیری بازرگانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتییانی ڕایگه‌یاند.

غه‌ریری له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتییان هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێت بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات و هه‌روه‌ها خێراتركردنی مامه‌ڵه‌كانی هاووڵاتییان.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان چه‌ندان لیژنه‌ دیاریكراون بۆ نوێكردنه‌وه‌ی داتاكانی فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتییان و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتووشدا ده‌ست ده‌كرێت به‌ دروستكردنی كارته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ بۆ هاووڵاتییان.

وه‌زیری بازرگانی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م له‌ پارێزگای نه‌جه‌ف پڕۆژه‌ی فۆڕمی خۆراكی ئه‌لیكترۆنییان جێبه‌جێ كردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ناوی 15 هه‌زار مردوو و ئاماده‌نه‌بوو له‌ تۆماركان ماون و ئازووقه‌ وه‌رده‌گرن.

ئه‌سیر داود غه‌ریری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا هاووڵاتییان له‌ ڕێگه‌ی فۆڕمه‌ خۆراكه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ ناوی نوێ تۆمار بكه‌ن و مردوو و ئاماده‌نه‌بووش ڕه‌ش بكه‌نه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ تۆماركردن بكه‌ن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ دابه‌شكردنی سه‌به‌ته‌ی خۆراك به‌سه‌ر هاووڵاتییان به‌رده‌وام ده‌بن و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن خۆراكه‌ دابه‌شكراوه‌كان باشتر و زیاتریش بكه‌ن.

گوتیشی كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان ده‌ست به‌ دروستكردنی فۆڕمی خۆراكی ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕاهێنان و هاوكارییه‌كانیان بۆ فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به‌ فۆڕمه‌ خۆراكییه‌كان زیاتر ده‌كه‌ن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.