Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:53

واده‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق ئاشكرا كرا

کوردستان TV
100%

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق واده‌ی ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق ئاشكرا كرد و هه‌روه‌ها نرخی به‌رملی نه‌وتی له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌دا ئاشكرا كرد.

موعین كازمی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند: دانیشتنه‌ فه‌رمی و گفتوگۆكان بۆ ته‌واوكردن و په‌سندنكردن پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و پێشبینی ده‌كرێ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ ڕاسته‌وخۆ دوای جه‌ژنی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز له‌ په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت.

ڕاشیگه‌یاند: له‌نێوان سه‌رجه‌م فڕاكسیۆنه‌كاندا هه‌وڵی جدی هه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ و له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌ندێ تێبینی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر بڕی بودجه‌ی دیاریكراوی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان هه‌یه‌ كه‌ بۆ 15 پارێزگا ته‌رخانكراوه‌ و هه‌ندێ لایه‌ن پێیانوایه‌ بودجه‌كه‌ كه‌مه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بڕێك پاره‌ وه‌ك پاڵپشتی بۆ حاڵه‌تی فریاگوزاری و له‌ناكاوی پارێزگاكان دیاریكراوه‌، ڕه‌نگه‌ بڕێك له‌و پارانه‌شی بۆ وه‌زاره‌ته‌كان ته‌رخانكراوه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان.

موعین كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: تا ئێستا ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر دیاریكردنی نرخی به‌رمیلی نه‌وت له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ نه‌بووه‌ كه‌ 70 دۆلاری بۆ دیاریكراوه‌ و به‌ بۆچوونی هه‌موولایه‌ك نرخه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك گونجاوه‌ و ده‌كرێ پشتی پێ ببه‌سترێ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ گرانكردنی نرخی به‌نزین و سووته‌مه‌نییه‌كان له‌ ناوخۆی وڵات نه‌كراوه‌.

له‌ كۆتاییدا موعین كازمی ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023 له‌نێو مانگی ئایاری داهاتوو ده‌بێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.