ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدهگهێنێت کۆتایی مانگی ئایاری داھاتوو، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2023 دەخرێتە دەنگدانەوە.
موعین کازمی کە سەربە فراکسیۆنی فەتحە لە لێدوانیکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە ئاماژەی بەوەداوە کە لیژنەی دارایی جیددیە لە تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی و گوتی: "دوای جەژنی رەمەزان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2023 دەکرێت".
باسی لەوەیش کردووە کە ناڕەزایەتی ھەیە بەرامبەر ئەو بوودجەیەی کە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کراوە، چونکە ژمارەیەک لە لایەنەکان پێیان وایە کە بڕی بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان کەمە و وەک پێویست نییە.
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، موعین کازمی ئاشکراشی کردووە کە کۆتایی مانگی ئایاری داھاتوو، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی2023 دەخرێتە دەنگدانەوە.
رۆژی شەشی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کرد.
لە 13ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پەسەند کرد و رۆژی 17ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، 63تریلیۆن دینارە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.