ئەمڕۆ دووشەممە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بەستنی پێوەرەی ئاو لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە و هاوکاری حکومەتی هەرێم بۆ لێخۆشبوون لە کرێی ئاوی هاووڵاتییان ڕای گەیاند، وەک پاڵپشتییەکی باری دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند مانگێك پێش ئێستا بڕیاری دا 15% لە کرێیە کەڵەکەبووەکان لە هاووڵاتییان خۆشببێت، ئەمەش تا 21ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو بکەن و پێوەری ئاو ببەستن بۆ ئەوەی لەو دەرفەتە سوودمەند ببن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئەوەشی خستە ڕوو كە تا ئێستا نزیکەی 319 هەزار هاوبەش سوودیان لەو هاوکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کۆی لێخۆشبوونەکان نزیکەی حەوت ملیار دیناری عێراقی بووە و لە كۆی نزیکەی ملیۆنێک و 81 هەزار هاوبەش، 81٪ـی ئەو هاوبەشانە تا ئێستا پێوەری ئاویان بەستووە.
ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرتووە، بۆ ئەوی هەر هاووڵاتییەک، بەتایبەت ئەوانەی لە شوێنە نیشتەجێبووەکانن، دوای ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو دەکەن و پابەند دەبن بە بەستنی پێوەری ئاو، لیخۆشبوونێکیان بۆ بکرێت، بەشێوەیەک کرێی 80 هەزاری مانگانە بۆیان بکرێتە 10 هەزار دینار و، ئەوانەی لەنێو سەنتەری شارە گەورەکانن، 80 هەزاری مانگانە بۆیان بکرێتە 20 هەزار دینار.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ: زیاتر لە 81%ی هاووڵاتییان پێوەری ئاویان بەستووە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.