Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 18:20

ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو بەهۆی دروستبوونی لافاو دەدرێت

کوردستان TV
100%

 بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوو ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، بەهۆی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاویش پارێزگاری هەولێر ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو دەدات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە ڕاگەیاندنی پشوو، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە ڕایگەیاند: بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ دووسبەی چوارشەممە مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە، بۆیە تاوەکو ئێستا بڕیارمان لەبارەی پشوو نەداوە.

پێشووتر ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی پشووی دابووە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان، وەک لە فەرمانێکی وەزاریدا کە لە 07ـی 06ـی 2022 دەرکراوە و واژۆی وەزیری پەروەردەی لەسەرە، تێیدا هاتووە،  "پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ساڵی خوێندنی (2022-2023) لە کاتی ناهەمواری کەشوهەوا بە هەموو جۆرەکانییەوە و کارەساتی سروشتی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی ڕابگرن، بۆ ماوەی 2 ڕۆژ بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت، بەو مەرجەی ڕەزامەندی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی لەسەر بێت."

هاوکات پارێزگاری هەولێر لەبارەی هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو ئاماژەی بەوە دا کە لەپێناو پاراستن و سەلامەتیی گیانی ھاووڵاتییان لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوو، سەرجەم تیم و لایەنەکان لە حاڵەتی ئامادەباشییدا دەبن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئێوارەى سبەی سێشەممە شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و لە ڕۆژى چوارشەممە شێوازى دابارین بۆ تاوەبارانى بەردەوام و بەهێز دەگۆڕێت و مەترسیی بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان هەیە.

لە ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، چەندین پڕۆژەى جیاجیا  بۆ چارەسەرکردنى کێشەى لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێکراوە، وەک:- دروستکردنى ئاوەڕۆى سندوقى، ئاوەڕۆى کونجى کونکرێتى و بەستانەوەى ئاوبەرەکان و ئاوبەرى سندوقی کۆنکرێتى و بۆڕى کۆنکرێتى لوولەیی و دووبارە دروستکردنەوەى تەنیشتە جۆگەکان و جۆگەکانى ناوەڕاستى ڕێگەکان و ڕێکخستنەوەى کەندەکان و پاککردنەوەی ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.