Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:22

مەبەست لە ناردنی ژێردەریایی "ئەتۆمی"ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟

کوردستان TV
100%

ئەمریكا ژێردەریایی ئەتۆمی و پۆلێك فڕۆكەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نارد ، سەرەڕای ئەوەی سەرنجی لەسەر ململانێ لەگەڵ ڕووسیا و چین بوو، بەڵام ئایا ئەو پەیامە بۆ ئێرانە ؟.
ڕۆژی شەممە 8ی نیسان ،گوتەبێژی هێزی دەریایی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە ئەمریكا ژێردەریاییەكی بەهێزی ئەتۆمی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، هاوكات میدیاكانی ئەمریكا ئەم هەنگاوە سەربازییە گەورەیەیان بە "گرژی لەگەڵ ئێران" بەستەوە.
لەوبارەیەوە تیمۆسی هۆكینز، گوتەبێژی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریكا كە لە بەحرەین جێگیر بووە، گوتی: ئەو ژێردەریاییە بەهێزە ئەتۆمییە ڕۆژی هەینی بە كەناڵی سوێسدا تێپەڕیوە و جێگیركردنی ئەم ژێردەریاییە بە مەبەستی یارمەتیدانی دەستەبەركردنی ئاسایشی دەریایی و سەقامگیریی ناوچەكەیە.
ناوچەی كاركردنی كەشتیگەلی پێنجەم بریتییە لە گەرووی باب ئەلمەندەب لە دەریای یەمەن، هەروەها دەریای سوور كە درێژدەبێتەوە بۆ كەناڵی سوێس، هەروەها كەشتییەكانی كەشتیگەلەكە بە گەرووی هورموز دەسووڕێنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی فۆكسی ئەمریكی، ناردنی ژێردەریایی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریكاوە كە توانای گواستنەوەی بارێكی گەورەی مووشەكی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك هۆشدارییەكی ڕوون بۆ ئێران دێت.
گوتەبێژی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریكا لەبارەی ژێردەریاییەكە دەڵێت: ژێردەریاییەكە توانای هەڵگرتنی تا 154 مووشەكی كروز لە جۆری تۆماهۆك بۆ هێرشی وشكانی هەیە، هەروەها لە كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكادا جێگیركراوە بۆ ئەوەی یارمەتی دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری دەریایی ناوچەكە بدات.
هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریكا چ لە كۆشكی سپی، چ لە پنتاگۆن، یان وەزارەتی دەرەوە، زۆریان نەگوت سەبارەت بە پاڵنەرەكانی ناردنی ژێردەریایی ئەتۆمی، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری بەرپرسانەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریكا لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ژێردەریایییەكی هێرشبەر دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری كەشتیوانی لە گەرووی هورمز.


 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.