Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 09:04

سعودیە 25 تۆن خورمای پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد

کوردستان TV
100%

سەنتەری شا سەلمان بۆ كاری مرۆیی، بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەریی گشتیی سعودیە، لە مەراسیمێكدا، 25 تۆن خورمای لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد.
لەژێر ڕێنماییی شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی شای سعودیە، سەنتەری شا سەلمان بۆ فریاگوزاری و كاری مرۆیی، بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەریی گشتیی سعودیە لە هەرێم، ڕۆژی دووشەممە، 10ـی نیسانی 2023، لە چوارچێوەی بەرنامەی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ حكومەتان، لە مەراسیمێكدا 25 تۆن خورمای سعودی لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد كە وەكوو هاوكاری دەگەیەنرێتە ئاوارە و پەنابەرانی ناو هەرێمی كوردستان.


بەر لە دەسپێكی ڕێورەسمەكە لە دیدارێكی نێوان سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت، لەگەڵ خالد ئەلشەمڕانی، جێگری كونسوڵی گشتیی سعودیە لە هەرێم، باس لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانیی نێوانیان و هاوكاری و هەماهەنگی لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە، لەنێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی عەرەبیی سعودیە كرا.
سەفین دزەیی، ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرین و پتەوی نێوان سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای شانشینی عەرەبیی سعودی كرد؛ هاوكات بەناوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سوپاسی ئەو دەسپێشخەرییەی سەنتەری شا سەلمانی كرد، كە لەم مانگەدا بڕێك هاوكارییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد.
دواتر لە ڕێورەسمێكدا یاداشتی ڕادەستكردن و وەرگرتنی یارمەتییەكە، كە بڕی 25 تەن خورما بوو ئیمزا كرا. هەردوولا جەختیان لە بایەخی هاوكاری و هەماهەنگی كردەوە، بەتایبەت یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران و هاووڵاتییانی كەمدەرامەت.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.