مانگی ئاداری رابردوو، بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند كە دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو كە نرخی كڕینی یەك دۆلار لە وەزارەتی دارایی، بە ھەزار و 300 دینار دیاریی كراوە و فرۆشتنی یەك دۆلار بە بانكەكان لە رێگای سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە بە ھەزار و 310 دینار دیاریی كراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەك دۆلار لە بانكەكاندا بە ھەزار و 320 دینار دیاریی كراوە.
دوای ئەوە بەردەوام بەهای دینار لە گۆڕانكارییدایە و لە 24 كاتژمێری رابردووشدا بۆ یەكەمجار نرخی پێوانەیی تۆمار كرد بەراورد بە شەش مانگی رابردوودا و بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لەنێوان 142- 143هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
لەوبارەیەوە كەیفی خۆشناو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر گوتی: ئەگەرچی حكوومەتی عێراقی بڕیاریداوە كە بەهای هەر 100 دۆلارێك 132 هەزار دیناری عێراقی بێت و لەم چوارچێوەیەشدا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری دەخاتە بازاڕ، بەڵام خەڵكێك هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی دڵەڕاوكێ لە بازاڕ دروست دەكات، بەڵام چارەنووسی 100 دۆلار، هەر 132 هەزار دیناری عێراقییە.
كەیفی خۆشناو پێشبینی ئەوەش دەكات كە دوای جەژنی رەمەزان بەهای دینار بەرزتر بێتەوە و بگاتە ئەو بەهای كە حكوومەتی عێراق دیاریی كردووە و لەمبارەیەوە گوتی: تا حكوومەتی عێراق لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەردەوام بێت ئەوا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت دوای جەژن بەهای دینار تەواو بەرزبێتەوە و بگاتە ئەو ئاستەی كە حكوومەتی عێراق دیاریی كردووە.
هاوكات كاسبكارێكی بازاڕی دراوی هەولێر بەناوی سەعدی عەلی گوتی: لە 24 كاتژمێری رابردوودا، بەهای دینار كەمێك بەرزبووەوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتی عێراق چەند رێكارێكی گرتووەتەبەر و بڕیاریداوە كە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبێتەوە و ئەمەش پێویستی بە كاتە، بەڵام وەك دەبینین خەڵك زیاتر بۆ خستنەڕووی دۆلار هاتووەتە بازاڕ، ئەمەش وایكردووە پڕۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار خێراتر بێت.
سەعدی عەلی گوتیشی: ئەم گۆڕانكارییە كاریگەری لەسەر كۆی بازاڕ دروست كردووە، چونكە بە گشتی كڕین و فرۆشتن لە بازاڕ بە دۆلارە هەر بۆیەش وەك دەبینین كاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕ هەیە.
بە پێشبینی سەعدی عەلی بەهای هەر 100 دۆلارێك دەگاتە خوار 140 هەزار دیناری عێراقی و لەمبارەیەوە گوتی: نزیكەی حەوت مانگ دەبێت بەهای دینار نەگەیشتووەتە ئەم شوێنە، پێشبینی دەكەین كە بەهای هەر 100 دۆلارێك بگاتە ژێر 140 هەزار دینار، چونكە ئەوەی ئێستا تێبینمان كردووە، خستنەڕووی دۆلار زیاترە لە خواست، هەر بۆیەش ئەمە وایكردووە كە بەهای دینار بەرزبێتەوە.
بانكی ناوەندیی عێراق لە 20ی كانوونی یەكەمی 2020 بڕیاری دا، بەھای ھەر 100 دۆلاری ئەمریكی لە 118 ھەزار دیناری عێراقییەوە بەرزبكاتەوە بۆ 146 ھەزار دینار ئەو بڕیارەش ھەرچەندە بووە ھۆی زیادبوونی داھاتی ناوخۆ، بەڵام لە ھەمانكاتدا نرخی زۆربەی خۆراك و كەلوپەلی لە بازاڕەكاندا بەرزكردەوە و دڵەڕاوكێی لە بۆرسەی بازاڕی شارەكاندا دروست كرد.
چارەنووسی 100 دۆلار هەر 132 هەزار دینارە ؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.