Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:31

ئومێد خۆشناو بۆ بازرگانان: ده‌بێت له‌ كاتی دابه‌زینی به‌های دۆلاریش نرخه‌كان دابه‌زێنن

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارێزگاكه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت بازرگانان لەگەڵ دابەزینى به‌های دۆلاریش نرخەکان دابەزێنن، وه‌ك چۆن له‌ كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆلاردا نرخی كه‌لوپه‌له‌كانیان گران ده‌كه‌ن.

ئەمڕۆ سێشەم بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ لێژنەی هاوبەشى قایمقامییەتی ناوەندیی هەولێر سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز و چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لە یاریکردن بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر ئەوەى وەک چۆن بازرگان و خاوەنى کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەشێوەیەکى خێرا نرخى کەلوپەل و پێداویستى لە سەر هاووڵاتییان گران دەکەن، بەهەمانشێوە دەبێت لەگەڵ دابەزینى نرخى دۆلاریش هەمان کاربکرێت و نرخەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببین.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ لیژنەى ناوبراى ڕاسپارد لە هەڵمەتى چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام بن و توندترین ئیجرائاتیش لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.

ئومێد خۆشناو بۆ لیژنه‌كه‌ گوتی: ڕێگە بە هیچ کەس نەدەن بەهەر بڕ و بیانوێک بێت نرخ لەسەر هاووڵاتییان گران بکات، بە تایبەتى کە ئێستا لە بەربەرى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆزداین و هەندێک کەس بە قۆزتنەوەى ئەو کاتە نرخى کەلوپەل و شتومەک لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن، بۆیە بەبێ چاوپۆشیکردن لە کەس دەبێت توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت.

پارێزگار هه‌روه‌ها جەختى لە چڕترکردنەوەى هەڵمەتى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامییەتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە لە پشکنین شوێنە بازرگانى و کۆگاکانى دەرمان و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و ده‌رمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو.

لە کۆتایشدا، لە بارەى کرانەوەى خواردنگە و چێشتخانەکان لە ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز، بەڕێوەبەرایەتى گەشت و گوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد کە دەبیت لە رۆژانەى جەژن میکانزمێکى پێویست دابڕێژن بۆ کرانەوەیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.