دوای ئەوەی لە شەوی رابردوو بەهۆی هەورەبروسکە وێستگەی کارەبای حافیز لە سنووری قەزای رواندز سووتا و بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبای ناحیەکانی سمیلان و وەرتێ و گوندەکانی دەوروبەری، ئەمڕۆ چوارشەممە بە هەوڵی بەردەوامی تیمەکان گرفتەکە چارەسەر کرا.
ئەحمەد قادر، قائیمقامی قەزای ڕواندز بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای سووتانی وێستگەی کارەبای حافیز بەهۆی هەورەتریشقە و پچڕانی کارەبای ناحیەکانیوەرتێ و سمیلان، لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە تیمەکانی چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆران و تیمی ئەندازیاران، سەرەڕای بارینی بارانێکی بەخوڕ، بەڵام خۆشبەختانە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوون و گرفتەکەیان چارەسەرکرد و ئێستا تەزووی کارەبا بۆ هەردوو ناحیەکە و گوندەکانی گەڕاوەتەوە.
راشیگەیاند: هەورەبرووسکە لە وێستگەی کۆنی حافیزی دابوو، بێگومان زیانی بە وێستگەکە گەیاندبوو، بەڵام ئێمە بۆ چارەسەری بنەڕەتی گرفتی کارەبای ئەم دوو ناوچەیە، وێستگەیەکی نوێی موبایلمان بۆ ئەم ناوچەیە دابین کردووە، ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە تەواوبوونی ئەم وێستگەیە گرفتی کارەبای هەردوو ناحیەکە، بە گوندەکانیشەوە چارەسەر دەبێت.
پەیامنێر: کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.