Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:40

ئەنجوومەنی وەزیران لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداوچوون لە ڕووداوەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست دەکات

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەردەبڕێت و سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانە دەکات، هەروەها لێژنەیەکی لێکوڵینەوە بۆ بە بەدواداچوون لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕووی دا پێکدەهێنێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 04ـی 2023، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی گرنگیی پاراستنی هاووڵاتییان و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خۆبەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لە ڕاکێشانی کێشە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان.

لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕووداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات. ڕوونیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکوومەتی هەرێمن و ناکرێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت.

سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین و نابێت باجی ئەو ڕووداوانە بدەن.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکان، بۆ ئەو ڕووداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕووی دا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی گشتی کە لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیر و وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو چاکسازیانەی لە بواری تەندروستیدا ئەنجام دراون ، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کاری زیاتر بکرێت لەسەر باشترکردنی کەرتی تەندروستی و نەهێشتنی هەموو ئەو گرفت و کەموکورتییانەی لەم بوارەدا هەن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکو پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن.

لە کۆتاییدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنووسی (سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو کە بریتییە لە کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکار بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن و پشتگوێخستن لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

دوای خستنەڕووی چەند تێبینی و سەرنجێک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە، ئەنجوومەنی وەزیران سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.