Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:45

سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی ھەولێر هۆكاری دابەزینی نرخی بەنزین ئاشكرا دەكات

کوردستان TV
100%

ماوەی چەند رۆژێكە نرخی بەنزینی نۆرمال لە بەنزینخانە بازرگانییەكان لە 900 دینارەوە بۆ 825دینار و لە هەندێك شوێن بۆ نرخێكی كەمتریش دابەزیبووە و ئەمەش ئەم جەنجاڵی و نۆرەگرتنەی شوفێرانی لە بەنزینخانەكان كەمتر كردووەتەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی ھەولێریش چەند هۆكارێك دەخاتەڕوو.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە حەوت ملیۆن و 500 هەزار لتر بەنزین هەیە و هەر سێ پاڵاوگەی، كار، لاناز و بازیان نزیكەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار لتر بەنزین بەرهەم دەهێنن و بازرگانانیش بڕی دوو ملیۆن لتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لەوبارەیەوە جەنگی مەجید،سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی ھەولێر، لەبارەی هۆكاری نرخی دابەزینی بەنزین لە چەند رۆژی رابردوودا، گوتی: سێ هۆكار هەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، یەكەمیان رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا، چونكە خەڵك وا پێشبینی دەكات دوای ئەو رێككەوتنە، نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق دەبێت كە نرخی یەك لتر بەنزین لە عێراق بە 450 دینارە، هەروەها یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان بەرزبوونەوەی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها مانگی رەمەزانیش هۆكارێكە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، چونكە خەڵك لەم مانگەدا كەمتر ئۆتۆمبێل بەكاردەهێنن.
لەبارەی هاتنی بڕی بەنزین لە پاڵاوگەكانەوە بۆ بەنزینخانەكان، جەنگی مەجید گوتی: بەنزین بە هەمانشێوەی پێشتر دێت و دابەشی سەر بەنزینخانەكان دەكرێت و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.
گوتیشی: بۆ هەولێر دوو سەرچاوەی سەرەكی هەیە، پاڵاوگەی لاناز و كار، هەروەها هەندێكی دیكەیش بازرگانان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەیهێنن، هەندێكی دیكەش لە دەرەوەی عێراق هاوردە دەكرێت.
 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.