Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:47

ئاستی ئاوی بەنداوەكان بەرزبوونەتەوە

کوردستان TV
100%

لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا بارانبارینێكی بەخوڕ بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوەو بەمەش ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەكان بەرزبوونەوە، بەپێی ئامارەكان "تەنیا لە بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە".
بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، یەكێكە لەو بەنداوانەی كە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) كارەكانی دروستكردنی تەواو كران و ئەمساڵ (٢٠٢٣) ئاوی تێدا گلدرایەوە، ماوەی مانگێكە سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەری بەنداوەكە پێشتر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتبوو كە ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.
هەر لە گەرمیان ئەمساڵ (٢٠٢٣) كارەكانی دروستكردنی بەنداوی تووڕەجار تەواوكراون و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە، بەهۆی ئەو بارانبارینەشی كە ناوچەكەی گرتبوویەوە بە ماوەیەكی كەم سەرڕێژ بوو، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستكردنی بەنداوەكە قسەی كرد و گوتی: كۆی گشتیی ئاوی گلدراوە ملیۆنێك و ٧٥٠ هەزار مەتر سێجایە.
هەر ئەمڕۆ پێنچشەممە (١٣ـی نیسان)، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند كە دوای ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەكەی گرتەوە، ٥٠ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەكە بەرزبووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێك و ٤٩٤ ملیۆن مەتر سێجا و كۆی گشتی ئاوی دەریاچەكەش ٥٠٪ـیە.
ئەمە لە كاتێكدایە، چەند ڕۆژێكە بارانبارینێكی بەلێزمە كە هەورەتریشقە و تەرزەشی لەگەڵدایە، ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكان و بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیش "بارانبارین بەردەوام دەبێت"، بەمەش ئاوی زیاتر لە بەنداوەكان گلدەدرێنەوە و دەبێتە هەنگاوێكی گرنگیش بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی.

بەنداوی خنس لە دهۆك، یەكێكە لەو بەنداوانەی كە ئەمساڵ كارەكانی نۆژەنكردنەوەی كۆتایی هاتن و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە و هەر دوێنێ چوارشەممە (١٢ـی نیسان) بۆ یەكەمجار بەنداوەكە سەڕێژ بوو، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە كە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری كرد: ئێستا ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و ماوەی ١٨ كاتژمێریشە بەنداوەكە سەرڕێژ بووە.
هەر لە دهۆك، بەنداوی كەشكان و بەنداوی دهۆك دوو لەو بەنداوانەن كە ئاویان تێدا گلدراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی كە ڕووی لە ناوچەكە كرد، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكانی دهۆك، ڕێژەی كۆكراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەكە ٢١ ملیۆن و ٩٦٧ هەزار مەتر سێجایە و "هیوادارم بتوانین زۆرترین ڕێژەی ئاو گلبدەینەوە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویست و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی سوودی لێ وەربگرین".
ئەمە جگە لەوەی كە ڕێژەی كۆكراوەی ئاو لە دەریاچەی دووكان بووەتە ٣٨.٣٪ و تەنیا لەماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا، ٢٥ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بەرزبووەتەوە، بەرێوەبەری بەنداوەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: ئێستا دوو ملیار و ٦٨٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
هەرێمی كوردستان، خاوەنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گلدانەوەی ئاوە، پۆند و بەنداوەكان یەكێكن لەو پڕۆژانەی كە ئاوێكی زۆر گلدەدەنەوە و هۆكارێكن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، هەر لەو پێناوەشدا كابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی جێبەجێكردووە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.