بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023/4/13 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان له كۆشكی ئەپۆستۆلیك لە ڤاتیكان لەگەڵ قەداسەتی پاپا فرانسیس كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە دیدار و بینینی قەداسەتی پاپا لە تەندروستییەكی باشدا دەربڕی و هیوای سەلامەتی و تەمەندرێژی بۆ خواست، هەروەها پوختەیەكی دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕەوشی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان پێشكەش كرد.
بەڕێزیان ئاماژەی بە گرنگی و كاریگەریی سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پارێزەری ماف و ئازادیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانە و بۆ هەمووان بە نیشتمانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی دەمێنیتەوە.
لای خۆیەوە قەداسەتی پاپا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانەكە و بینینەوەی نێچیرڤان بارزانی، ستایشی كولتووری پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكترقبووڵكردنی لەنێو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كرد و جەختی كردەوە كە دەبێ ئەو كولتوورە لە هەرێمی كوردستان و عێراق پارێزراو بێت، هەروەها سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە یادێكی خۆش ناوەزەد كرد.
لە كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی تابلۆی هونەرمەندێكی شێوەكاری كوردی پێشكەش بە قەداسەتی پاپا كرد كە دەربڕی پێكەوەژیان بوو لەنێو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستاندا.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیكان كۆبووەوە

100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.