وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە یادی (35) ساڵەی شەهیدانی پڕۆسەکانی ئەنفالدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگهیاند كه ئهنفال بۆ قڕكردنی نهژاد و ناسنامهی گهلی كورد بوو.
وهزارهتی كاروباری شههیدان له بهیاننامهكهدا بڵاوی كردهوه: 35 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بە فەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامدرا.
بڵاویشی كردهوه: دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگا و وتەی شایەدحاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو ئەنفال جینۆسایدە.
ڕاشیگهیاند: ئەمساڵ بۆ بەرز و پیرۆزڕاگرتنی یادی شەهیدانمان، دیدارێکی گرینگ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدهین.
ئاماژهی بهوهش دا: جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات.
ئهمهی خوارهوه دهقی بهیاننامهكهی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانه لە یادی 35 ساڵەی شەهیدانی پڕۆسەکانی ئەنفالدا:-
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان...
(35) سی و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەفەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامدرا.
ئەنفال یەکێک بوو لەو زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ قڕکردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کە دارێژەر و جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیە بوو، جگە لە تەختکردن و وێرانكردنی دێهاتەکان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتییان لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا، بەعس جگە لە پاکتاوی جەستەیی گەلەکەمان، کەلتوور و زمان و ژینگە و سروشتی کوردستانیشی جینۆساید کرد، بەو ئامانجەی جارێکی تر خاک ئاو و هەوای کوردستان جێگەیەکی شیاو نەبێت بۆ ژیان، بەڵام كەمتر لە سێ ساڵ دوای ئەو شاڵاوە دڕندانەیە و لە ئازاری ساڵی 1991 کۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە ڕاپەڕین و لە چەند رۆژێکدا تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانیان لە بەعس پاککردەوە و بۆ هەتاهەتایە كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە هێنا کە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان دژ بە گەلەکەمان ئەنجام دابوو.
كەس و كاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگا و وتەی شایەدحاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساند و بڕیارى بە سزا گەیاندنى ئەنجامدەرانیشی دا.
بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكاندا و بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەكاتەوە و یاد و بیرەوەرییان بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت، بۆ ئەمساڵیش بۆ بەرز و پیرۆزڕاگرتنی یادی شەهیدانمان دیدارێکی گرنگ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید..
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی جینۆساید کە دەرهەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان کراوە، ویست مەرامی وەزارەت ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان زیاتر بناسێنێت، هاوکات هەموو توانا و هەوڵەکانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین کە خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بکەین، چونکە شایانی ئەوپەڕی خزمەتکردنن، هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستوورییەی خۆی هەستێت و لە هەمانكاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژییانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.
نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان...
سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان...
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان
14/4/2023
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.