Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 09:36

بەنداوی دێوانە نزیكەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی تێدایە

تێچووی بەنداوەكە نزیكەی 26 ملیار دیناری عێراقی بووە
کوردستان TV
100%

بەنداوی دێوانە كە لە قەزای دەربەندیخان دروست كراوە و بۆ كاری كشتوكاڵی سوودی لێوەردەگیرێت، سەرڕێژی كردووە و لەئێستادا نزیكەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی تێدایە كە لە وەرزی هاویندا بۆ كشتوكاڵ سوودی لێوەردەگیرێت.
لەوبارەیەوە ئەندازیار جەمال حەمە ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاریی دروستكردنی بەنداوی دێوانە گوتی: "بەنداوەكە لە ساڵی 2022 بەهۆی كەمی باران سەرڕێژ نەبوو، بەڵام ئەمساڵ لە شەوی هەشت لەسەر نۆی مانگی ئازاری 2023 سەرڕێژی كرد. لەئێستادا نزیكەی 19 ملیۆن و نیو مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
ئەندازیار جەمال حەمە ئیسماعیل باسی لەوەیش كرد كە تێچووی بەنداوەكە نزیكەی 26 ملیار دیناری عێراقی بووە و لەلایەن كۆمپانیایەك بە ناوی "هۆڤار" كاروبارەكانی جێبەجێ كراون. ئاماژەی بەوەیش دا كە قووڵی بەنداوەكە 43 مەترە.
سەبارەت بە سەرچاوی داهاتی ئاوی بەنداوەكە ئەندازیار جەمال حەمە ئیسماعیل گوتی: سەرچاوەی بەنداوی دێوانە ئاوی شاخاكانی قۆپی قەرەداغ و چەمی دێوانە و نیوەی شاخی بەرانانە. ئەم بەنداوە رووماڵی هەندێك لە ئاوی بانی خێڵان دەكات و دەڕژێتەوە ناو داون ستریمی بەنداوی دەربەندیخان، یان بڵێین رووباری سیروان. لەوێشەوە دەڕواتەوە بۆ باوەنوور و كەلار و بەنداوی حەمرین. ئێستا لەم كاتەدا خۆمان كەمتر سوودی لێ وەردەگرین.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا باسی لەوەیش كرد كە ئەم بەنداوە ئەگەر ئاوەڕۆكانی لەسەر لابچێت ئەوا دەتوانرێت ئاوێكی سازگار و پاك بۆ خەڵكی دەربەندیخان پێ دابین بكرێت، لەكاتێكدا خەڵكەكە بەهۆی بەنداوی دەربەندیخانەوە ئاوێكی پیس دەخواتەوە. تێچووی ئەم پرۆسەیەش (جیاكردنەوەی ئاوەڕۆ لە ئاوی گلدراوەی بەنداوەكە) نزیكەی 7 ملیار دینارە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەكراوە و گوتی: ''لەكاتێكدا ئێمە كەشفمان بۆی كردووە و پرۆپۆزەڵی كارەكەیشمان ناردووە، هەروەها وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی لەسەر داوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەخراوەتە تەندەرەوە تاوەكو بۆ بەڵێندەرێك دەربچێت و كاری لەسەر بكات.
بەپێی ئەو زانیاریانە بێت كە جەمال حەمە ئیسماعیل باسی لێوە دەكات ئاوی بەنداوەكە، بێجگە لە خواردنەوە، دەكرێت بۆ سێ شتێكی دیكەیش بەكاربێت كە ئەوانیش سامانی ماسی، گەشتوگوزار و كشتوكاڵ.
ئەندازیار جەمال حەمە ئیسماعیل ئاماژەی بەوەیش كرد لە باوەنوور بەنداوێك هەیە كە تۆڕباینی دروستكردنی كارەبای تێدایە و گوتی: ئێمەیش كە ئەم ئاوە بەر دەدەینەوە دەچێتەوە باوەنوور و بەردەسوور كە بەنداون و لەسەر رووباری سیروان دروست كراون، ئەگەر ئەوانە دروست ببن ئەوان ئەم ئاوانە دەتوانرێت بۆ دروستكردنی كارەبا سوودیان لێ وەربگیرێت. لە كاتێكدا ئێمە چەند ئاو بەردەدەینەوە هەر بەخۆڕایی دەڕژێتە رووباری سیروانەوە و سوودێكی وەهای لێ وەرناگیرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی سەرپەرشتیاریی دروستكردنی بەنداوی دێوانە پێشنیاری ئەوە دەكات كە ئاوەڕۆی سەر ئاوی بەنداوەكانی سنووری دەربەندیخان لاببرێن و گوتی: پێشنیاری ئێمە ئەوەیە، ئەگەر قەیرانی دارایی رێگە بدات، ئەم ئاوەڕۆیانەی لەسەر ئاوی دەربەندیخان و ئەم بەنداوەن نەهێڵدرێن.
سەبارەت بە بەسوودی بەنداوی دێوانە بۆ كشتوكاڵكردن، ئەندازیار جەمال حەمە ئیسماعیل گوتی: "ئاوی ئەم بەنداوە دەڕژێتە رووباری سیروان و هەندێك لە دەشتاییەكانی گوندی بانی خێڵان ئەگەر بیانەوێت لێی سوودمەند دەبن. ئاوی بەنداوەكە بەشی كشتوكاڵی دەشتاییەكانی ناوچەی دەربەندیخان تاوەكو كەلار دەكات و هەركات پێویست بێ ئاوەكە بەردەدەینەوە و ئەوانیش هیچ كێشەیەكیان نابێت. واتە لەئێستادا دەتوانین ئاو بۆ كشتوكاڵی ئەم ناوچەیە دابین بكەین، چونكە كشتوكاڵ پێویستی بە ئاوی سازگار نییە. ئێمە دوو بۆریی دایمیتەر شەستیمان هەیە، هەر یەكێك لەو بۆرییانە بكەینەوە دەتوانێت رووماڵی ئاوی ئەو ناوچەیە و پێداویستییەكانی خەڵكەكەی بكات.
ئەو باسی لەوەیش كرد بەنداوی دێوانە توانای رێگەگرتن لە لافاوی نییە و گوتی: ئەو ناوچانەی ئاوەكانیان دەڕژێتە ناو ئەم بەنداوە رێژەی بارانبارین تیایاندا زۆرە و توانای لەخۆگرتنی نزیكەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت. دێوانەیش ناوی خۆی بە خۆیەوەیە كە بە واتای "شێت" دێت. هەر لە خۆیەوە ئاو و لافاوی زۆر دێن. بۆیە پێشبینی دەكەم تەنها لە هاویناندا خاڵی ببێتەوە. بەنداوی دێوانە كە كیلۆمەترێك دوورە لە رووبارەی سیروانەوە رێگری لە لافاو نەكردووە. ئەگەرچی لافاو زۆر نەبووە، بەڵام ئەگەر لافاویش بێت دەڕژێتە چەمی سیروان و بەنداوی حەمرینەوە.
سەبارەت بە بوونی سامانی ماسی لە بەنداوی دێوانە، ئەندازیار جەمال حەمە ئیسماعیل گوتی: تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار ماسی نەكردووەتە ناو بەنداوەكەوە، بەڵام وادەزانم كە خۆی ماسی تێدابێت. لەبەرئەوەی دەگوترێت خەڵك قولاپ هەڵدەدات بۆ راوی ماسیی یەك كیلۆیی و دوو كیلۆیی.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.