بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر هاوبەشانی ئاو ئاگادار دەکاتەوە لەبارەی لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزی كەڵەكەبووی ئاوی خواردنەوەیان لایە، دەڵێت، پەلە بکەن لە بەستی پێوەری ئاو.
لە ڕاگەیەنراوێک بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ڕایگەیاند: ئاگاداری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێوەری ئاویان نەبەستووە تاوەكو 21ـی 04ـی 2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیاری داشكاندنی حكوومەت سودمەندبن تاوەکو كات ماوە.
ڕاشیگەیاند: پێویستە هاووڵاتییان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و بنكە و فەرمانگەكانی ئاو لە شار و شارۆچكەكان بكەن و دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار، كرێی بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحییە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار."
هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەنراوێک ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزی كەڵەكەبووی ئاوی خواردنەوەیان لایە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاوە.
وەزارەتی شارەوانی جەختی کردۆتەوە کە ئەو بڕیارە، تەنیا بۆ یەک مانگە و بۆ سوودمەندبوون لە بڕیارەکەش، هەر لە ئێستاوە تاوەکو 10ـی 05ـی 2023 دەتوانن سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن، هەر هاوبەشێكی ئاو لە ماوەی ئەو مانگەدا قەرزەكانی بداتەوە، حكوومەت وەک پاڵپشتییەک لە 15%ـی قەرزەكەی خۆش دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.