Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 11:25

سەندیکای پارێزەران: هێرشكردنە سەر پارێزەری راوێژكار محەمەد یابە سۆفی بەتوندی ئیدانە دەكەین

کوردستان TV
100%


به‌هۆی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كی خێزانیی له‌ دادگا، شه‌وی رابردوو لایه‌نێكی دۆسیه‌كه‌ پارێزه‌رێك له‌ هه‌ولێر دەڕفێنن و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر و تاشینی سەری، بە برینداری بەجێیدەھێڵن، سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ .
 له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستاندا هاتووه‌" ئێمە وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بە توندى ئیدانە و سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر پارێزەرى ڕاوێژکارى “محەمەد یابە سۆفى” دەکەین کە ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى 14/4/ 2023، لە لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووى نایاسایی هێرشى کرایە سەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکى جەستەیی و ڕۆحی و شکاندنى سەر و ڕووخسارى، وەک سووکایەتى سەریشى دەتاشرێت".
سه‌ندیكای پارێزه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات" پارێزەرى ڕاوێژکار “محەمەد یابە سۆفى” کە یەکێکە لە ئەندامانى سەندیکاکەمان، تا ئێستا و تەنیا لە پێناو پاراستنى مافە یاسایی و ئینسانییەکانى بریکاردار کارى پیشەیی خۆى ئەنجام داوە و داکۆکى لە مافى بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بە پێى ماددەى 22ى یاساى پارێزەرایەتى، “هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەر”ـە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت".
هه‌روه‌ها راشگه‌یاندراوه‌" پێویستە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان، بە زووترین کات ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە دەستگیر بکەن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر بۆ ئەوەى ڕێگە بگیردرێت لە تاوانى هاوشێوە".
له‌ كۆتاییدا سه‌ندیكای پارێزه‌ران رایگه‌یاندووه‌" ئێمەش وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، لە پاڵ پارێزەرى سکاڵاکار، سکاڵاى خۆمان لە دژى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە تۆمار دەکەین و گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر".

درەنگانی شەوی رابردوو، چەند چەکدارێک لە ھەولێر پارێزەرێک دەڕفێنن و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر و تاشینی سەری، بە برینداری بەجێیدەھێڵن.

پارێزەر  محەمەد یابە سۆفی-یە، قسەی بۆ بەشێک لە میدیاکان کردووە و دەڵێت: "بەھۆی ئەوە دۆسیەیەکی جیابوونەوە لە دادگا ھەبوو، من پارێزەری ژنەکە بووم و دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرت، دیارە ئەمەش بە دڵی پیاوەکەی نەبوو، ھەر بۆیەش شەوی رابردوو پیاوەکەی و چوار چەکداری دیکە منیان رفاند و لە ژێرزەمینی خانووەیەک ئەشکەنجەیاندام".

بە گوتەی ئەو پارێزەرە، سەرەتا لە رێگای پەیوەندی تەلەفۆنی ھێناویانەتە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر و لەوێ بە چەند چەکدارێک ھێرشیان کردووەتەسەری و بردوویانەتە نێو خانوویەک و لەوێ ئەشکەنجەیان داوە و تۆمەتبارانیش ناسراون.

محەمەد یابە دەشڵێت: "لە کاتژمێر 11ی شەو تا کاتژمێر دووی بەرەبەیان ئەشکەنجەیاندام، ددانەکانیان شکاندم، دواتر لووتم شکا، سەرم لە چەند جێگایەک شکاوە، ھەموو گیانم خەڵتانی خوێن ببوو، دواتر مقەستیان ھێنا بۆ ئەوەی گوێچکەکانم ببڕن و پاشان سەد بەڵێنیان لێ وەرگرتم کە نابێت سکاڵا بکەم و خۆم تیمار بکەم، گوتیان ئەگەر سکاڵا بکەی خۆت و منداڵەکانت دەکوژین، ئینجا ئەو مافوورەی منی لەسەر ئەشکەنجەدرابوو، بە کەتەر بڕیان چونکە ھەموو خوێن بوو، دواتریش جلوبەرگێکی دیکەیان لەبەر کردم و سەریان تاشیم".

ئەو پارێزەرە دوای ئەشکەنجەدانی، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای ھەولێر و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.