Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:56

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی،سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بە 36 ساڵەی كیمیابارانكردنی خەڵك و خاك و سروشتی جوانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی ..
ئەمڕۆ 16ی نیسان، یادی 36 ساڵەی تاوانێكی دیكەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەكەینەوە كە كردییە دەسپێكی تاوانی سامناكی كیمیابارانكردنی خەڵكی سڤیلی كوردستان، ئەویش تاوانی كیمیابارانكردنی خەڵك و خاك و سروشتی جوانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتییە.
بەوپەڕی ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدانی نەمری ئەو تاوانە دەكەینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاكیاندا دادەنوێنین. سڵاو و ڕێز بۆ بەركەوتە و قوربانییانی ئەو كارەساتە دەنێرین كە ئەوسا ڕژێم ڕێگەی نەدا تیماریش بكرێن و لەگەڵ خێزان و كەسوكاریان ناچار بوون بەرگەی ئازار و مەینەتییەكی گەورە بگرن.
بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بەگشتی، هەمیشە مەڵبەندی خەبات و تێكۆشان و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداریی ڕژێم بوون، پێگە و شوێنی حەوانەوە و پشتیوانیی پێشمەرگە و شۆڕشەكانی كوردستان بوون‌، بۆیە وەك زۆر جاری دیكە، بەهاری ساڵی 1987 دیسان كەوتنەوە بەر شاڵاوی ڕەشی ڕژێم و كیمیاباران كران.
لەم یادەدا جەخت لە بایەخ و گرنگیپێدانی زیاتر و خزمەتكردنی باشتری ئەو ناوچەیه و خەڵكە نیشتمانپەروەرەكەی لە هەموو ڕوویەكەوه،‌ دەكەینەوه. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و یادیان هەمیشە بە خێر بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2023/4/16
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.