فیلمی سینەمایی "مێسیی بەغدا" كه لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیه، لە دوای نمایشکردنی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 15مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیکا، ئێستا لە سینەماکانی بەلجیکا نمایش دەکرێت.
یهكێك له بەناوبانگترین هۆڵه سینەماكانی بەلجیکا كه "کینا پۆڵس"ـه و لە هەموو شارەکانی ئهو وڵاته و ئەوروپا سینەمای هەیە، فیلمی سینهمایی میسیی بهغدا لە شارەکانی بەلجیکا نمایش دەکات.
کینا پۆڵس زیاتر گرنگی بەو فیلمانە دەدات کە بازرگانین، بەڵام ساڵانە حەوت بۆ هەشت فیلمی هونەریش هەڵدەبژێرێت و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (CINE-K) لە سینەماکانیدا نماشی دەکات، یەکێک لەوانە 'مێسیی بەغدا'یە.
لە دوای نمایشکردنی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی بەلجیکا و نمایشی تایبەتی لەو وڵاتە بۆ هونەرمەندان و میدیاکاران، ماڵپەڕی (BeyondGaming) لەمبارەیەوە نووسیویەتی: هەر لە یەکەم دیمەنەوە، دەچیتە نێو دنیای حەموودی، کوڕێک کە خەونی گەورەی هەیە، بەڵام لە وڵاتێک لەدایکبووە کە شەڕی تێدایە، دیمەنەکان بە ریتمێکی خێرا بە دوای یەکدا دێن.
هەروەها رۆژنامەی (De Morgen) کە لە 1978ـەوە لە بەلجیکا دەردەچێت، لەبارەی ئەم بەرهەمە نووسیویەتی: خەلیفە هیچ کات لە بەکارهێنانی شیرینی و تاڵی بۆ ژیانی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەی دوور ناکەوێتەوە، ئەو سەرسەختییەی کە حەموودی بۆ ئەو واقیعە سەختەی دەرووبەری هەستی پێ نکات، لە یەک کاتدا شتێکی کارەستبار و قارەمانییەتی هەیە.
ماڵپەڕی (Geekster) لەبارەی فیلمەکە بڵاوی کردۆتەوە: دەرهێنەر سەهیم عومەر خەلیفە و سیناریۆنووس کۆبی ڤان ستینبێرگ، بە سەرکەوتوویی کورتە فیلمەکەیان درێژ دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هەست بە درێژکردنەوەی بکەیت، ئەکتەری سەرەکیی ئەحمەد محەمەد عەبدوڵا بە گەرموگوڕییەوە رۆڵی کارەکتەری حەموودیی گەنج دەگێڕێت.
ماڵپەڕی (MoviePulp) لەبارەی ئەم بەرهەمە نووسیویەتی: بە کورتی، دەرهێنەر سەهیم عومەر خەلیفە نیشانی دەدات کە لە دوای "زاگرۆس" بە 'مێسیی بەغدا' گەڕاوەتەوە، ئەم کارەش بۆ ئەو سوپڕایز نییە، چاودێری ئەم ناونیشانە لە ئاستێکی نێودەوڵتیدا بکەن.
"مێسیی بەغدا" پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمەهاتووە و براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، بەهۆی ئەو ناوبانگییەی، بڕیاردرا بکرێتە فیلمێکی بڵندی سینەمایی.
ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کوردستان، بەلجیکا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەک لە زەهرا غەندور، ئەسیر عادل، حسێن حەسەن و عادل عەبدوڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.