Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 00:40

دەیان کەس بە هۆی شەڕ و پێکدادانی سوپا و میلیشیاکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان کوژران

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی لە 11ی نیسانی 2019 عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سەربازی سوودانی کوودەتای بەسەر عومەر بەشیر سەرۆکی سوودان کرد، توانی دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە، دوای تێپەڕینی چوار مانگ بەسەر کوودەتاکە، ئەنجوومەنی سەروەری ڕاگوزەری سوودان لە 21ی ئابی 2019 لەنێوان سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و میلیشیاکانی هێزی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەممەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و هێزە مەدەنییەکانی پێکهێنرا.

پاشان ئەنجوومەنی سەروەری ڕاگوزەری سوودان بڕیاری پێکهێنانی حکوومەتێکی کاتییان دا بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حەمەدۆک، بەڵام ئەمەش هێندەی نەبرد، لە 25ی تشرین سوپای سوودان لەڕێگەی کوودەتایەکەوە بە سەرۆکایەتی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولفەتاح بورهان جارێکی دیکە دەستیان بەسەر دەسەڵاتی حکوومەتدا گرتەوە و عەبدوڵا حەمەدۆک سەرۆک وەزیرانیان لە کار لاداو خستیانە ژێر مانەوەی ناچاری و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی کاتی ڕاگوزەریشیان دەستگیر کرد، ئەم هەنگاوەی عەبدولفەتاح بورهان بووە هۆی کۆتاهاتن بە ڕێککەوتنی لایەنە سەربازی و مەدەنییەکانی سوودان و جارێکی دیکە ئەو وڵاتە بێ حکوومەت مایەوە.

ئەگەرچی ئەو دۆخە درێژەی نەکێشا، کوودەتای سەر حکوومەتەکەی حەمەدۆک لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرکۆنە کرا و بە هەزاران کەس لە شارەکانی سوودان دژ بە کوودەتا ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەست پێ کرد، لەلایەکی دیکەشەوە وڵاتان بە هۆی ئەو پێشهاتە نوێیەی سوودان وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە دەسەڵاتدارانی سەربازی و کوودەتا، بەشێک لە هاوکارییە ئابوورییەکانی بۆ سوودان ڕاگیرا ئەمەش هێندەی تر دەسەڵاتەکەی بورهانی خستە ژێر فشار و تا دواجار لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە 21ی 11ی 2021 لەخەرتوومی پایتەختی سوودان ڕێککەوتننامەیەکی سیاسیی ئیمزا کرا و بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە عەبدوڵا حەمدۆک سەرۆک وەزیرانی لە کارلادراو بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت گەڕێنرایەوە.

هەروەها بەر لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە حەمەدۆک، چەند مەرجێکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان خستەڕوو لە وانە: دەبێت سەرجەم زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن و پێداگیریش لەسەر ئەوە کراوە کە دەبێت پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی ڕاگوزەر بکرێت. لەڕێککەوتننامەکەی نێوان بورهان و حەمەدۆکدا جەخت کراوەتەوە کە دەبێت دەستوور بکرێتە بنەمای سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ڕاگوزەر لە سوودان و پێویستی هەموارکردنەوەی لەپێناو بەشداری فراوانی لایەنە سیاسییەکان، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی جوبا بۆ ئاشتی دەکاتەوە و دەبێت کاریش بکرێت بۆ پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو.

کێشەکانی سوودان کپکرانەوە تا مانگی کانوونی دووەمی 2022، عەبدوڵا حەمەدۆک بڕیاری دا دەستلەکار بکێشێتەوە، جگە لەوەش لایەنە مەدەنییە سەرەکییەکان بایکۆتیان کرد، بەتایبەتی هێزەکانی… ئازادی و گۆڕانکاری ئەمەش دۆخەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆزتر کرد، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەسەڵاتەکان جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ئەنجوومەنی سەروەری ڕاگوزەری سوودان، کە عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات، حەمیدتی فەرماندەی میلیشیاکانی پشتیوانی خێرا لەنێو ئەنجوومەنەکە وەک جێگری بورهان دەستنیشانکراوە.

لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی حەمەدۆک، هەریەکە لە سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکەیان دەدا بە تایبەت لە خورتوومی پایتەخت، لەگەڵ بوونی دەستپێشخەری ژمارەیەک پارێزەری دیاری وڵاتەکە بۆ کۆتاهێنان بەو دۆخە، بەڵام دۆخەکە تەقییەوە و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی دروست بوو.

حەمیدتی لە چەند کاتژمێری یەکەمی دەستپێکردنی شەڕەکە ڕای گەیاند، دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی و وەزارەتی بەرگری و فڕۆکەخانەی خورتووم و چەند بنکەیەکی دیکەی ئاسمانی وڵات داگرتووە، دواتریش سوپای سوودان ڕایگەیاند ئەو ناوچانەیان لە دەستی گرووپە میلیشیاکان کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە جگە لە فڕۆکە و تانک و دەیان جۆر چەکی قورس بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانیان بەکارهاتووە.

لەلایەکی دیکە، سەرۆکی گرووپی چەکداری هێزی پشتیوانی خێرا، عەبدولفەتاح بورهان بە هەوڵی کودەتا تۆمەتبار دەکات، بەڵام سوپای سوودان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە، دەڵێت ئەوان شەڕیان دەست پێ نەکردووە، بەڵکو شەڕەکە لە ئەنجامی ئامانجێکی کەسی هەڵگیرساوە.

هەروەها لەبارەی قوربانییەکانی شەڕ و پێکدادانەکان، سەندیکای پزیشکانی سوودان ڕایانگەیاندووە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی بەهۆی پێکدادانەکانی سوپا و یەکەی پاڵپشتی خێرا کوژراون، گەیشتووەتە نزیکەی 60 کەس کە 25 کەسیان لە خەرتوومی پایتەخت بوون و هەشتی دیکەیان لە ناوچەی بەحری و 13یان لە ناوچەی ئوم دەرمان بوون. هەروەها سێ کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە دارفۆر کوژراون.

ئاڵۆزییەکانی سوودان کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە بە جۆرێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی سوودان ڕا گەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا لە سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا دەکات، دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان و ڕێڕەوی گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی مەدەنی بکەنەوە.

هەروەها هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و ڕووسیا و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و کۆمکاری عەرەبیش داوای دانبەخۆداگرتن و دەستبەجێ وەستانی شەڕیان لە دوو لایەن بەشەڕهاتووەکەی سوودان کردووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.