Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:58

نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی کرد

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 04ـی 2023 بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەرال ماثيو مكفارلن فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەركەدا كرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا هەیە. هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كرا كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشان دا.

جەنەرال مكفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەک هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپات كردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.