بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە كە ئەمڕۆ ئافرەتێكی عومرەكاری كورد بەناوی( شوكريە یحیی مجید) لە سعوودیە كۆچی دوایی كرد.
هەروەها دەڵێت: ئەو عومڕەكارە خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و دوای گەڕانەوەی لە حەرەم تووشی تەنگەنەفسی بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە كۆچی دوایی كردووە.
دەشڵێت: ئەو عومڕەكارە بە درێژایی شەوی 27 ی قەدر لە حەرەمی پیرۆز بووە و بەشداری هەموو نوێژەكانی تەراویحی كردووە لە شەوی قەدردا تەنانەت نوێژی بەیانیشی كردووە و دواتر باری تەندروستی تێكچووە تاوەكوو گەیندراوەتە نەخۆشخانە كۆچی دوایی كردووە و بڕیاریشە هەر ئەمرۆ لە حەرەمی پیرۆز نوێژی لەسەر بكرێت و دوای وەرگرتنی رەزامەندی كەسوكارەكەی لە سعوودیە بەخاك دەسپێردرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی كوردستان بەناوی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان ( شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ) و سەرجەم بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانەوە سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی كەسوكاری ئەو عومڕەكارە دەكەن و داواكارین لە خوای گەورە جێگای بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبووریش بە كەسوكارەكەی بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.