Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 06:58

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی ئێواره‌خوانێكی بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز كرد

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ 27ى ڕه‌مه‌زان، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ميواندارى و ئێواره‌خوانێكى بۆ ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى به‌ نوێنه‌رايه‌تيى سه‌رجه‌م مامۆستايانى ئاينيى كوردستان ڕێك خست.

له‌ ئێواره‌خوانه‌كه‌دا كه‌ مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ بوون، سه‌ره‌تا سه‌رۆكى يه‌كێتيى زانايانى ئايينيى كوردستان به‌ ناوى ئاماده‌بووانه‌وه‌ سوپاسى نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى ناكۆكييه‌ ناوخۆييه‌كان و يه‌كڕيزى و ئارامیی سياسى، هيواشى خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ى جه‌نابيان ببێته مايه‌ى خاوكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و كۆتاييهێنانى يه‌كجارى به‌ ناكۆكييه‌كان.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى ستايشى ڕۆڵى مامۆستايانى ئايينى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشياریى ئايينيى ميانڕه‌و و بڵاوكردنه‌وه‌ى گيانى خێر و چاكه‌خوازى و پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان له‌ كاريگه‌ريى بيرى توندڕۆيى، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ مامۆستايان له‌ شۆڕشه‌کانى ڕزگاريخوازى گه‌لى كوردستان دا هه‌ميشه‌ له‌ سه‌نگه‌رى داكۆكيكردن له‌ مافى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌ياندا بوون و ئايين و نيشتمانپه‌روه‌رييان بێکه‌وه‌ گرێداوه‌.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ گه‌شتبينييه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ ناوخۆيى و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕوانين، چونكه‌ بێجگه‌ له‌ پێكهاتن هيچ بژارده‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م لايه‌نه‌كاندا نييه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌سه‌ر ڕێگه‌ى رێككه‌وتن و له‌يه‌كگه‌يشتنين.

سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ به‌رده‌واميى قسه‌كانيدا داواى له‌ مامۆستايان كرد كه‌ سڵاو و ڕێزى بگه‌يه‌نن به‌ يه‌ك به‌ يه‌كى مامۆستايانى ئايينيى كوردستان و هيواى سه‌ركه‌وتن و سه‌لامه‌تى بۆ هه‌موولايه‌ك خواست و جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌ى پێشكه‌ش كردن.

دواى به‌ربانگكردنه‌وه‌ش، له‌ كه‌شێكى ئايينيدا ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى چه‌ند پارچه‌ شيعر و سروودى عيرفانييان خوێنده‌وه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.