Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 23:06

سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننەی عێراق لە زیندان ھەڵات

کوردستان TV
100%


سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، سەعد کەمبەش کە بەتۆمەتی گەندەڵی بە چوار ساڵ زیندانکردن سزادرابوو لە بنکەیەکی پۆلیسی بەغدا ھەڵات.

سەعد کەمبەش درەنگانی شەوی دوێنێ سێشەممە لە بنکەی پۆلیسی کەرادەمریەم لە بەغدا ھەڵاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەممەری ئەفسەری بەشی پۆلیسی ساڵحییە و ئەفسەری بنکەی پۆلیسی کەرادەمریەم، ھەروەھا ئەفسەری ئێشکگری بنکەکە دەستبەسەر کراون، ئەوەیش بەھۆی ھەڵاتنی تۆمەتبار سەعد کەمبەش لە بنکەکە.

راشیگەیاندووە کە وەزارتی ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەھێنێت و ھەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانیش بۆ دەستگیرکردنەوەی تومەتبارە ھەڵاتووەکە بەردەوامە.

رۆژی 12ی ئەم مانگە دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایگەیاندبوو کە دادگای ناوەندیی تایبەت بە پرسەکانی دەستپاکی، بەتۆمەتی زیان گەیاندن بە سامانی گشتیی، سزای چوار زیندانیکردنی بۆ سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننە، سەعد کەمبەش دەرکردووە.

پێشتر میدیا لە عێراق بڵاوی کردبووەوە کە رۆژی 21ی ئەم مانگە، سەعد کەمبەش لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی لە پارێزگای دیالە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.