Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 00:43

لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی مووشەک لەنزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکهێنرا

کوردستان TV
100%

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی مووشەک لەنزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکهێنرا.

بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە لە ڕێکەوتی 13ـی 04ـی 2023 دەرکراوە و واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 12ـی 04ـی 2023 و لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 06ـی ساڵی 2009 بڕیارمان دا بە پێکهێنانی لێژنەیەک بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بابەتی کەوتنەخوارەوەی مووشەک لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

بەپێی فەرمانە وەزارییەکە سەرۆک و ئەندامانی ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی مووشەک لەنزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکهێنراوە پێکهاتوون لەمانە:-

- د. سامی جەلال حوسەین، ڕاوێژکاری یاسایی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ وەک سەرۆکی لێژنەکە دەستنیشان کراوە.  

بەمۆ عومەر عارف، ڕاوێژکار سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، وەک ئەندام دەستنیشان کراوە.

هەستیار ئەسعەد باپیر، ڕاوێژکار سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەک ئەندام دەستنیشان کراوە.

عەقید/ ئاسۆ عەلی ڕەحیم، لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەک ئەندام دەستنیشان کراوە.

 

ڕۆژی هەینی 07ـی 04ـی 2023 لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وێنەی دووکەڵی ئاگر بڵاوبووەوە، دواتر ئاسایشی سلێمانی هەبوونی تەقینەوەیەکی ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی جۆری تەقینەوەکە و ئامانجەکەی دیاری بکات.

ڕۆژی چوارشەممە 12ـی 04ـی 2023، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بڕگەکانی تایبەت بوو بە باسکردنی ڕووداوەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕووداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات. ڕوونیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکوومەتی هەرێمن و ناکرێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکە جەختی لەوەش کردەوە کە "ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین و نابێت باجی ئەو ڕووداوانە بدەن."

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکان، بۆ ئەو ڕووداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕووی دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.