Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 12:33

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونکردنەوە لەبارەی سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی دەدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی نێردراوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: لە چەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

وەزارەتی دارایی لەبارەی ناردنی پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دەڵێت، "هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80% تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنوورە."

دەشڵێت، "کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک."

وەزارەتی دارایی دووپاتی کردۆتەوە کە "وەک پێشتریش بڵاومانکردۆتەوە ڕێککەوتن لەسەر پشکی (57%) پشکی لە (43%) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕێککەوتنی لەسەر کراوە."

سەبارەت بە کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی وەزارەتی دارایی ڕوونی کردۆتەوە کە "کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە و لە ساڵی 2021ـەوە دەستی پێ کردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار."

 سەبارەت بە هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە "وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتە گەڕ و مانگی پێشووتر بڕی 34 ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوە و لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووش جارێکی تر بڕی 29 ملیار دینار لەدەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە."

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هۆکاری کێشەی سلێمانی خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوە داوە کە "هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە" کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە، بەمشێوەیە:-

- کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە.

- ڕێککەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە (43%) بە ( 57% ).      

- نەمانی پارەی کاش (سیولە لە بانکەکان).

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.