Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 00:22

پێشبینی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن دەکرێت

کوردستان TV
100%

بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ جەژنی نەورۆز هاوكات بوو لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژن ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، چونكە خەڵێكی زۆر دەیانەوێت پشووەكانیان لەناو سروشتی جوانی كوردستان بەسەر ببەن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمبارەیەوە دەڵێت، ئامادەکاریی تەواویان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کردووە.

دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگەیاند: پێشبینی دەكەین لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران سەردانی هەولێر بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە چەندین لیژنەمان پێكهێناوە و لێژنەكانیش ئێستا كار دەكەن و ڕۆژانە لەگەڵ هۆتێل و مۆتێلەكان لەسەر هێڵن و خواردنگە و ئەو شوێنە گەشتیارییانە بەسەر دەكەنەوە كە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشكەش دەكەن.

ڕاشیگەیاند: ساڵانە لە جەژنەكاندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕوو لە پارێزگای هەولێر دەكەن و بەهۆیەوە لۆدێكی زۆر دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە بۆ ئەمساڵ هەوڵمانداوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ زۆربەی زۆری چێشتخانەكان هەبێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژن چێشتخانەكانیان كراوە بن و بە باشی پێشوازی لە گەشتیاران و خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەن.

سەبارەت پێشبینی هاتنی ژمارەی گەشتیارانیش بۆ هەولێر، گوتی: ئێمە لە ماوەی مانگ و نیوی ڕابردوودا سەردانی شاری بەغدامان كرد و لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی و زۆربەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان كۆبووینەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەكی ئارام بۆ گەشتیاران دروست بكەین، ئەمە جگە لەوەی ئێمە پەیوەندی و هەماهەنگی زۆر باشمان لەگەڵ بازگەكان هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین ئاسانكاری بۆ ئەو گەشتیاران پێشكەش بكەن كە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە "بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ جەژنی نەورۆز لەگەڵ مانگی ڕەمەزان هاوكات بوون، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ لۆدەكە زیاتر بێت و ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە خەڵێكی زۆر لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە دەیانەوێت پشووەكانیان لەناو سروشتی جوانی كوردستان بەسەر ببەن."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.