Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 11:23

جاسم وه‌ندی ..ته‌مه‌نێك له‌ نێو گۆرانی و بواری ڕاگه‌یاندن دا ...!

کوردستان TV
100%

هه‌ركاتێك‌ ناوی شاری خانه‌قین دێته‌ سه‌رزار، بێشك ناوێكی دیكه‌ له‌ پاڵیدابه‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، ئه‌و ناوه‌ بۆته‌ ناسنامه‌ و ناوێكی شیرین به‌ته‌وێڵی خانه‌قینه‌وه‌ ئه‌ویش ڕووباری ( ئه‌ڵوه‌ند) ه‌.
خانه‌قین یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ جوان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی كوردستان ، له‌بواری  فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ر و پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینزاكان و نه‌ته‌وه‌كانی  دیكه‌ی وه‌ك ( توركمان و عه‌ره‌ب)‌.
هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌شاری خانه‌قین له‌گه‌ڵ ڕووباری ئه‌ڵوه‌ند هاوته‌ریب به‌یه‌ك ئاراسته‌ ده‌ڕوات، هه‌ردووكیان له‌و شاره‌دا مێژوویه‌كی پڕ بایه‌خ و گرنگیان تۆماركردووه‌، ڕه‌وڕه‌وه‌ی  هونه‌ری مۆسیقا و مه‌قامات و گۆرانی له‌خانه‌قین به‌رده‌وامی هه‌یه وچرای هونه‌ر هه‌میشه‌ ڕۆشنه‌‌، ئه‌ڵوه‌ند ئه‌و ڕووباره‌یه‌ بۆ خانه‌قینییه‌كان زۆر شیرینه‌ و بۆته‌ هه‌وێنی بونیادی هونه‌ر به‌گشتی و بواری ڕۆشنبیری و وێژه‌ له‌وشاره‌دا ، له‌خۆشه‌ویستیان بۆ ئاوی ئه‌ڵوه‌ند و خانه‌قین چه‌ندین كه‌س به‌هه‌ست و خامه‌ی باڵای دڵسۆزییان بۆ زێده‌كه‌یان شیعریان هۆنیوه‌ته‌وه‌و كردوویانه‌ته‌ گه‌ردنی به‌رزی خانه‌قین و ئه‌ڵوه‌ند.
 شاری خانه‌قین له‌بواری هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ناوداره‌ ، به‌خشش و توانا هونه‌رییه‌كانیان سنووری جوگرافیای خانه‌قینی تێپه‌ڕاندووه‌و به‌ته‌واوی كوردستاندا، ناو و نازناویان بڵاوبۆته‌وه‌ و بوونه‌ته‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردستان به‌گشتی، پێشه‌نگی كاروانی هونه‌ر و مۆسیقا و مه‌قامات له‌شاری خانه‌قین هونه‌رمه‌ند( خوداداد عه‌لی1912 _ 19/2/1987)  داده‌نرێت‌، به‌ڵام ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش به‌شێكی جوان و پڕ بایه‌خن له‌ مێژووی ئه‌و شاره‌و بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و هونه‌ر به‌گشتی وه‌ك (  ناصر حه‌سه‌ن، مه‌حمودوه‌ندی، (عه‌لی حسێن وه‌ندی 1940_31/3/2022)، خه‌لیل مرادخان وه‌ندی،( حه‌سه‌ن دڵسۆز  1943 خانه‌قین  _ 28/7/2021 به‌غداد ) ،عه‌لی مه‌هدی ، (ئازاد خانه‌قینی 1958خانه‌قین_ 1/5/2006 سلێمانی)، حه‌سه‌ن هه‌یاس، به‌رزان وه‌هاب، (جه‌عفه‌ر حه‌سه‌ن1944خانه‌قین _ 19/4/2021هه‌ولێر )  و هه‌ڤاڵ خانه‌قینی و ...تاد) به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌ژیاندا
نه‌ماون ، به‌ڵام له‌دوای خۆیان مێژوویه‌كی جوانیان به‌نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌خشیوه‌ ، یادیان به‌خێر و ڕۆحیان شادو یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانیان هه‌موو كات به‌رز و به‌ڕێزو پڕ شكۆ بێت.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی گه‌رمه‌سێر، ‌ ماوه‌ی نیوسه‌ده‌یه‌ له‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و ڕاگه‌یاندن دا كار و تێكۆشانه‌كانی به‌رده‌وامه‌، هونه‌رمه‌ند (جاسم وه‌ندی) یه‌ ، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت چالاكی هونه‌ریی و كاری ڕاگه‌یاندن ئه‌نجام ده‌دات .
جاسم محه‌مه‌د مسته‌فا، ئه‌ویش وه‌ك هه‌رتاكێكی خانه‌قین و خۆشه‌ویستی بۆ زێدو ئاوه‌كه‌ی ئه‌ڵوه‌ند، پاشناوه‌كه‌ی، كردۆته‌( وه‌ندی) كورتكراوه‌ی ڕووباره‌ جوانه‌كه‌ی( ئه‌ڵوه‌ند) ه‌، واته‌ له‌نێوه‌ندی هونه‌ریی و ڕاگه‌یاندن به‌ ( جاسم وه‌ندی) ناسراوه‌.
هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی له‌ساڵی (1950) له‌دایك و باوكێكی خانه‌قینی له‌شاره‌ دێرینه‌كه‌ی كوردستان، شاری ( كه‌ركوك) له‌دایكبووه‌،  خاوه‌نی ( 4) براو ( 2) خوشكه‌، جێی پرسیاره‌ بۆ له‌شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه و ‌، هه‌ڵگری نازناوی ( وه‌ندی) یه‌؟ هه‌موو كات هونه‌رمه‌ند به‌شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێت من خه‌ڵكی شاره‌ جوانه‌كه‌ی خانه‌قینم؟!
پێش چه‌ندساڵێك ئه‌و پرسیاره‌م ئاراسته‌ هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی كردو له‌وه‌ڵامدا وتی :
لەساڵی (1950) لەشاری کەرکوک لەدایکبووم بەڵام لەبنەڕەتدا خەڵکی شاری خانەقینین بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکم وه‌ك كارمه‌ند لەکۆمپانیای نەوتی( کەیوان) له‌كه‌ركوك کاری دەکرد، له‌ ته‌مه‌نی (5) ساڵیداوه‌ك خانه‌واده‌ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ شاری خانه‌قین، بۆهه‌میشه‌ شانازی به‌هه‌ردوو شاره‌ جوانه‌كه‌ی كوردستانه‌وه ‌ده‌كه‌م،  سه‌باره‌ت به‌نازناوی وه‌ندیش، لای هەمووان ئاشکرایە ڕووبارێکی جوان و پڕ به‌ره‌كه‌ت بەناو شاری خانەقین دا تێدەپەڕێت و ناوی (ئەڵوەند) ە سەرچاوەی ژیانە لەخانەقین، ئەو نازناوەشم بۆ خۆشەویستی ڕووباری ئەڵوەند دەگەڕێتەوە و دواتر لەسەر زار کورتکراوەتەوە تا بۆته‌ (وەندی)(1).
هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی سه‌ره‌ڕای هونه‌ری گۆرانیگوتن و كاری ڕاگه‌یاندن خاوه‌نی خامه‌یه‌كی جوانیشه‌، زۆرجار بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستی دوور له‌ئازیزان و زێدی له‌دایكبوونی خامه‌ی ناوه‌ته‌ بان كاغه‌زو ده‌رده‌دڵی خۆی به‌یان كردووه‌، یه‌كێك له‌و هه‌سته‌ جوانه‌ی ، نووسینی سۆزێكه‌ بۆ خانه‌قین :
( خانه‌قین شاره‌ ، شاری جوانه‌ 
له‌ناو دڵمانه‌ ، به‌ڵام وێرانه‌ ...
له‌كۆتایدا به‌وشێوه‌یه‌ ده‌نووسێت  كه‌ زێده‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌ناو هه‌ست وڕۆحیدایه‌ ،
شار خانه‌قین فره‌ فره‌ جوانی 
هه‌میشه‌ وه‌ خدا له‌نێو دڵمانی  ) .
سەرەتای ساڵی (1985)  بوو ئه‌و كاته‌ قوتابی قۆناغی ئاماده‌یی بووم له‌ سەرتاشخانەی ئاوات کارم دەکرد، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌رتاشخانه‌یه‌وه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تیم ناسی و به‌خزمه‌تیان گه‌یشتم، به‌ڕێزانی وه‌ك ( هاشم جه‌باری، ئیسماعیل گه‌یلانی و جاسم وه‌ندی)  هەرچەندەپێشتر لەڕێی ڕادیۆی کوردی بەغداوە ناوی ( جاسم وه‌ندی) یم بیستبوو، بەڵام بەداخەوە دەرفەتی گونجا نەده‌ڕەخسا تا لەنزیکەوە زیاتر بەدیداری شادبم، تا ئەوکاتی بەهۆی كاری فه‌رمانبه‌رییه‌وه‌ ڕاژه‌كه‌م  گواسترایەوە بۆشاری هەولێر و لەنزیکەوە بەدیداری ئەو کەسایەتیە بەڕێزە گەیشتم و بووینه‌ هاوكاری یه‌كتری ، لەدیدارێکی کورتدا چەندپرسیارێکم لێکردو پێم خۆشبوو هەندێک زانیاریم لەسەر ژیانی هونەری و بواری ڕاگه‌یاندنی دەست بکەوێت و بیخەمە بەردییەی ئێوه‌ی ئازیز.
هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی، له‌ته‌مه‌نی (6) ساڵیدا خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، یه‌كه‌م وێستگه‌ی خوێندنی له‌ قوتابخانه‌ی( وه‌ندی) سه‌ره‌تایی بووه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا حه‌زو ئاره‌زووی بۆ هونه‌ر 
، به‌تایبه‌ت ژه‌نینی زه‌ڕب یان ته‌پڵ بووه‌، ( له‌پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی بووم له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر حه‌زم له‌ ژه‌نینی زه‌ڕب ده‌كرد، له‌قوتابخانه‌  وانه‌ی نه‌شید مان هه‌بوو، مامۆستا منی له‌گه‌ڵ قوتابیان دانا ناوه‌ ناوه‌ گۆرانیم ده‌ووت و زۆر جار وه‌ك ژه‌نیاری ئیقاع له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانم زه‌ڕبم ده‌ژنی زۆرم حه‌ز و ئاره‌زووم بوو) (2).
دواتر لەلایەن مامۆستاو هاوڕێكانییه‌وه‌ هاندراوە کەبەردەوام بێت، یه‌كه‌م ده‌نگی خۆشه‌ و دووه‌م وه‌ك توانای ژه‌نینی ئامێری زه‌ڕب، هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی بەشداری کاروچالاکییە هونەرییەکانی قوتابخانەی کردووە تا كۆتایی قۆناغی سه‌ره‌تایی.
له‌قوتابخانه‌ی ( عه‌دنانیه‌) ناوه‌ندی له‌خانه‌قین  و، قۆناغی ئاماده‌یی له‌ (ئیبن الجوزی) له‌شاری به‌غداته‌واو كردووه‌.
بەهۆی ئه‌و  پێگە جوگرافیا گرنگه‌ی شاری خانەقین، هه‌یبووه‌ له‌ناوچه‌كه‌داو نێوه‌ندێكی په‌یوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و كلتووری و هونه‌ریی له‌نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری شه‌پۆلی ڕادیۆ کوردییەکانی وه‌ك ( بەغدا و تاران و دواتر کرماشان و قه‌سری شیرین...تاد)  هه‌روه‌ها دەنگی به‌سۆزو چێژبه‌خشی هونەرمەندان ( عەلی مەردان 1904_ 24/7/1981) ، ( حەسەن زیرەک 1921_26/6/1972) ، (مەزهەری خالقی )، ( خوداداد عەلی 1912_19/12/1987)،( حسێن عەلی1925_18/7/1991) ( مه‌حمود وه‌ندی و حه‌سه‌ن دڵسۆز و عه‌لی حسێن وه‌ندی)  ئه‌مانه‌ هانده‌ربوون لەسەر هونەرمەند جاسم وەندی ، دەنگ و هونه‌ری ئەو هونەرمەندە گەورانە هاندەربوون بۆئەوەی هەنگاو بنێت بۆنێو دونیای هونەری مۆسیقا و گۆرانی و بواری ڕاگەیاندن.
له‌ساڵی (1967) له‌شاری خانه‌قین شانۆگه‌رییه‌ك به‌ناوی ( باڵنده‌كان) له‌نووسینی ( كازم خه‌فاجی) بووه‌ نمایش ده‌كرێت،  هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی هێشتا ته‌مه‌نی (17) به‌هاره‌ ، به‌گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری شاره‌كه‌ی له‌وشانۆگه‌رییه‌دا به‌شدار ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگی دیكه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بناسرێت و ئاشنابن به‌ده‌نگی خۆشیی.
جاسم وه‌ندی و چوونی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا..! 
یەکێک لەو هونەرمەندانەی بواری ڕاگەیاندن و کارکردنی لەڕادیۆ له‌شاری به‌غدا و، خەڵکی شاری خانه‌قین بووه‌، ئەویش هونەرمەند ( ناصر حەسەن )، له‌ساڵی (1973) به‌مه‌به‌ستی سازكردنی به‌رنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر شاری خانه‌قین، له‌به‌غداوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی و سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌كه‌ی ده‌بێت، جاسم وه‌ندی له‌و كاته‌دا گه‌نجێكی باڵابه‌رزی شۆخ و شه‌نگ بووه‌ و  خانه‌واده‌كه‌ی ناسیاوییان  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ناصر حه‌سه‌ن) دا هه‌بووه‌، ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت ، یه‌كێك له‌وڕۆژانه‌ جاسم وه‌ندی له‌به‌رخۆیه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی گۆرانییه‌ك ده‌خوێنێ، ئه‌و ناره‌ نارو  سۆزه‌ هه‌ستی ناصر حه‌سه‌نی خاوه‌ن ئه‌زموون ڕاده‌كێشێ و پێی ده‌ڵێت : (ده‌بیستم گۆرانی ده‌ڵێیت ده‌نگت خۆشه‌ بۆنایه‌ی بتبه‌م بۆڕادیۆی كوردی به‌غدا)  دوای ته‌واو كردنی به‌رنامه‌كه‌ی  ناصر حه‌سه‌ن ، جاسم وه‌ندی ئه‌و گه‌نجه‌ شۆخ و شه‌نگه‌ پڕه‌ له‌ووزه‌و خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات بۆ ڕادیۆی کوردی بەغداو ئاشنای ده‌كات به‌و جیهانه‌ نوێیه‌ی دنیای ڕاگه‌یاندن، به‌ڵام هیچ تۆمارناكات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خانه‌قین.
به‌ڵام حه‌زو ئاره‌زووه‌كه‌ی ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌شه‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت خۆی بگه‌یه‌نێته‌وه‌ به‌غدا و سه‌ردانی ڕادیۆ بكاته‌وه‌، له‌ساڵی (1974) جارێكی دیكه‌ به‌ره‌و به‌غدا ده‌كه‌وێته‌ ڕێ ، ئه‌مجاره‌ به‌هۆی كه‌سێكی نزیكی خانه‌واده‌كه‌یان پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات كه‌ بچێته‌ ( فرقه‌ الانشاد العراقی) ئه‌ویش  به‌پێشنیاره‌كه ڕازی ده‌بێت و ده‌چێته‌ فرقه‌ الانشاد العراقی،  خۆی ده‌ناسێنێ و ده‌نگی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی، پێیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌نگی باشه‌و تۆن و ئه‌دای ده‌نگی بۆ گۆرانی كوردی گونجاوه‌، ده‌توانی سه‌ردانی ڕادیۆی كوردی به‌غدا بكه‌یت و له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه‌ خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ت بكه‌یت.
جاسم وه‌ندی عاشق به‌ گۆرانی مۆسیقا به‌هیواوه‌ ڕووده‌كاته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غداو ، له‌وێش ده‌نگی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌رده‌گیرێت و به‌شێوه‌ی ( گرێبه‌ست) له‌ڕادیۆ ده‌ست به‌كارده‌كات بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و ساڵه‌ به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست ، له‌ساڵی (1975) به‌شێوه‌ی فه‌رمی له‌ به‌شی ئه‌رشیفی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌ست به‌كار ده‌بێت( ئه‌وه‌نده‌ كاره‌كه‌م خۆش ده‌ویست، به‌شانازییه‌وه‌ هه‌موو كارێكم ده‌كرد ته‌نانه‌ت به‌رده‌ستی ده‌رهێنه‌ره‌كانیشم ده‌كرد ته‌نها بۆئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر فێرببم، له‌به‌شی ئه‌رشیف و هه‌ماهه‌نگی ڕادیۆ به‌شێوه‌یه‌ك شاره‌زایم په‌یدا كردبوو، گۆرانییه‌كان له‌سه‌ر به‌كره‌بوو، هه‌ریه‌ك له‌و به‌كرانه‌ ژماره‌یان هه‌بوو، داوای گۆرانی هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندانیان بكردایه‌ ڕاسته‌وخۆ ژماره‌كه‌م ده‌ووت و ده‌م خسته‌ به‌رده‌ست، چونكه‌ كاره‌كه‌مم زۆر خۆش ده‌ویست) (3). 
 هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆماوه‌ی (4) ساڵ، زیاتر ئاشنا ده‌بێت به‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژ كه‌سه‌ردانی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌كه‌ن،
هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی له‌ساڵی (1979) گۆرانیه‌كه‌ به‌ناوی( باڵابه‌رز) له‌هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر و ئاوازو ئاماده‌كردنی مۆسیقاهونه‌رمه‌ند( سه‌میر محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، ناسراو به‌سه‌میرزاخۆیی) تۆمارده‌كات و بڵاوده‌كاته‌وه‌. 
ئه‌و گۆرانیه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی ده‌بێته‌ ده‌روازیه‌ك بۆ زیاتر هه‌نگاونان به‌ره‌و دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، كۆی به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانی هونه‌رمه‌ند بۆ ڕادیۆ بریتیه‌ له‌ ( 27) گۆرانی و (7) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك.
بێژه‌ر و پێشكه‌شكار( هاشم جه‌باری) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ (9) گۆرانی كردووه‌له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك په‌خش و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ (4)  . 
هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر هونه‌ری گۆرانیبێژی به‌رده‌وام ده‌بێت تا ساڵی ( 1982) ، له‌و ساڵه‌وه‌ به‌دواوه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و دنیای ڕاگه‌یاندن و كاركردن له‌ ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌ بۆ ڕادیۆ  هه‌ڵده‌گرێت، سه‌رقاڵی ئاماده‌كردن و ده‌رهێنانی به‌رنامه‌یه‌كی منداڵان ده‌بێت به‌ناوی ( جیهانی منداڵان) چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی لێ تۆمارده‌كات  سه‌ره‌تا بۆ خاتوو( سه‌عدیه‌ شه‌ریف) پێشكه‌شكاری  به‌رنامه‌، دواتر بۆ خاتوو ( نیشتمان عومه‌ر).
جاسم وه‌ندی خه‌مخۆر بۆ بواری ڕاگه‌یاندن ، له‌ ساڵی (1984) بیرۆكه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری ده‌بێت ، 
مەبەستیەتی لەڕێی ئەو بەرنامە هونەرییەوە ژیان و کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی کورد بگەیەنێتە هۆگران و بیسەرانی ڕادیۆی کوردی بەغدا، تێكۆشا و ئەوکارەی بەئەنجام گەیاند و چەندین ئەڵقەی لێ تۆمارکردو بڵاوكرده‌وه‌ ، بەرنامەکەش بەناوی ( ئێوەو ئەو هونەرمەندە) لەئامادەکردن و سازدانی دیدارەکان هونەرمەند جاسم وەندی خۆی بووە و پێشکەشکردنی له‌لایه‌ن خاتوو ( نیشتمان عومەر میراو) بووە ، جاسم وەندی تەواوی شارو شارۆچکەکانی كوردستان گەڕاوەو تاله‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداریان شاد بێت و وتووێژی له‌گه‌ڵدا سازكردوون ،کاتێک گەڕاوەتەوە بەغدا و لەڕادیۆ هەمان ئەوپرسیارانەی جاسم وەندی ئاراستەی هونەرمەندی میوانی کردووە، جارێکی دی بەدەنگە خۆشەکەی خاتوو نیشتمان عومه‌ر تۆمارکراوەتەوە و مونتاژکراوەو بڵاوکراوەتەوە، لەڕێگەی ئەو بەرنامەیەوە هونه‌رمه‌ند  و ڕاگه‌یاندنكار جاسم وه‌ندی پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ زۆرێک لەهونەرمەندانی کوردستان پەیداکردووە و یاده‌وه‌ریی خۆشیی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌.
له‌كاتی دیداره‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ به‌كارێكی دیكه‌  دا ئه‌نجامیداوه‌ وتی :  (نابێت ئەوەشم لەیادبچێت لەساڵی (1984)  وەک یاریدەدەری ئامادەکار لەگەڵ برای ئازیزم و پێشکەشکاری بەتوانا به‌ڕه‌حمه‌ت بێت کاک ( کەمال ڕەووف محەمەد17/1/1942_30/9/2018) کارمکردووە لەبەرنامەی ( ڕۆژێک لەڕۆژان )  یه‌كێك بوو له‌و به‌رنامه‌ باش و سه‌ركه‌وتووه‌كانی ڕادیۆی كوردی به‌غدا گوێگرو بیسه‌رێكی زۆری هه‌بوو.
پرسیار:  ئەو هونەرمەندانە کێ بوون لەڕێی به‌رنامه‌كه‌تانه‌وه‌( ئێوەو ئەو هونەرمەندە) دەنگ و هونەرەکەیانت گەیاندە گوێگرانی ڕادیۆی كوردی؟ 
جاسم وه‌ندی :  دیدارم زۆر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ئه‌نجام دا له‌ سلێمانی ، له‌هه‌ولێر، به‌داخه‌وه‌ ناوی هه‌موویانم له‌یاد نه‌ماوه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌رنامه‌م له‌گه‌ڵیاندا سازكرووه‌ وەک ( کەریم کابان1927_14/1/2016) ،( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان1927_28/10/1990)، (عوسمان عەلی 1944_21/6/2005) ، زاهیر جەلال ، کامەران عومەر ).
 ئەوەی من ئاگاداربم  دیدارت له‌گه‌ڵ هونەرمەندانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك( نەجمەدینی غوڵامی، تایەری خەلیلی و بەکری لەگزی ) سازكردووه‌، بەڵام ئەو هونەرمەندانە ،ڕاستە هونه‌رمه‌ندی ئازیزی نه‌ته‌وه‌كه‌مانن، بەڵام ئەوان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لەهەمانکاتدا پێشمەرگەی پارتەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بوون ، چۆن توانیت ئەوکارەیان بۆئەنجام بدەیت و لەڕادیۆ بڵاویان بکەیتەوە ئایا کێشەتان بۆدروست نه‌ده‌بوو ؟!
جاسم وه‌ندی : سوپاست ده‌كه‌م  ناوی ئەو هونەرمەندانەت هێنایەوە یادم ، به‌ڵێ وایە کارم بۆئەوانیش کردووە ، هەروەها دەمزانی کەئەوان پێشمه‌رگه‌ی پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستانن، بەڵام چونکە خۆم خولیام بوو خزمەت بەهونەری نەتەوەکەم بکەم  بۆ من گرفت نه‌بوو خه‌ڵكی باشووره‌ یان ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، ئەوانیش هونەرمەندێکی باش و سەرکەوتووبوون و لەوساتەدا بەرهەمەکانیان لەنێو خەڵکیدا بوونیان هەبوو ، پێم باشبوو خزمەتیان بکەم و لەسەر بەرپرسیارتی خۆم به‌رنامه‌م له‌گه‌ڵیاندا تۆماركردو بڵاوم کردنەوە، به‌ڵگه‌ش له‌لای تۆیه‌ كاكه‌ی ده‌لاك به‌رنامه‌یه‌كی( ئێوەو ئەو هونەرمەندە) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی ) ساڵی (1986) له‌شاری سلێمانی ئه‌نجامم داوه وه‌ك ئه‌رشیف پاراستووته‌‌.
پرسیار : به‌رێزتان ئه‌و چه‌ندساڵه‌ سه‌رقاڵی كاری گۆرانی گوتن و پاشان ئاماده‌كار و ده‌رهێنه‌ری به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی بوون، بیرت له‌وه‌ نه‌ركردۆته‌وه‌ ئه‌و به‌رنامانه‌ له‌ئه‌رشیفی خۆت بیانپارێزیت؟
 جاسم وه‌ندی : به‌داخه‌وه‌ په‌شیمانم كه‌ ئه‌و كاره‌م نه‌كرد، ئێستا هیچ به‌رنامه‌یه‌كی خۆم وه‌ك ئه‌رشیف له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان لام نیه‌ ، سوپاسی تۆ ده‌كه‌م ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند نه‌جمه‌دینی غوڵامی بۆت كۆپی كردم و وێنه‌یه‌كت پێدام.
پرسیار : له‌كۆی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ( ئێوەو ئەو هونەرمەندە) هیچ یاده‌وه‌رییه‌كی خۆشت له‌هه‌گبه‌ی بیروه‌رییه‌كانتدا بوونی هه‌یه‌؟ 
جاسم وه‌ندی : بێگومان هه‌ربه‌رنامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكدا ئه‌نجامم ده‌دا بۆ خۆی بیره‌وه‌رییه‌كی خۆشبوو، به‌ڵام یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌ی له‌شاری سلێمانی تۆمارم كرد، هه‌رگیز له‌یادم ناچێت ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بوو كه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و شاعیر( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان) بوو، ئه‌ویش به‌هاوكاری برای هونه‌رمه‌ندم ( به‌رزانی سه‌یده‌) ی گۆرانیبێژ، له‌ماڵی كاك به‌رزان تۆمارمان كرد ، دیلانی نه‌مر سه‌ره‌تا توڕه‌و نیگه‌ران بوو ، به‌وه‌ی نابێت باسی گۆرانی و مۆسیقای له‌گه‌ڵدا بكه‌م ، كاك به‌رزان له‌ماڵه‌وه‌ باڵنده‌ی ( كه‌ناری ) هه‌بوو ، كاتێك دیلان ده‌دوا و هۆنراوه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌، له‌گه‌ڵ وشه‌ به‌وشه‌ له‌زاری دیلان ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌و كه‌ناری یه‌  خۆشخوانه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ده‌یخوێند هه‌ردوو ده‌نگه‌كه‌ ببوون به‌ ئاوازێكی زۆر خۆش.
پرسیار:  پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی ناوڕادیۆ و ئەو هونەرمەندانەی کەلەشارەکانی کوردستانەوە دەهاتن بۆتۆمارکردنی گۆرانی چۆن بوو ؟
 جاسم وه‌ندی :  لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی ناو ڕادیۆ و هەموو ئەوهونەرمەندانەی کەدەهاتنە ڕادیۆ پەیوەندییەکی باش و دۆستانەمان هەبوو ، هەموویانم خۆش دەویست و ڕێزم دەگرتن وەک هونەرمەندان ( مامۆستا عەلی مەردان ، تایەرتۆفیق ، ڕەسوڵ گەردی ، فوئادئەحمەد، خەلیل مرادوەندی، حسێن عەلی ، محەمەد قەدری ، محەمەدعەباس بەهرام و خەلیل عەبدوڵڵا و زۆر لەهونەرمەندانی تر ) ئه‌وه‌شی له‌ده‌ستم هاتبێ هاوكاری زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان بووم، هه‌ر له‌ڕێی به‌رنامه‌ی( ئێوەو ئەو هونەرمەندە) ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( وه‌لیددۆسكی)  په‌یدا كرد، ڕۆژێك بەسەردان هاتبووە بەغدا و بینیم و پێمووت بۆنایەی بۆ ڕادیۆ بەرهەمەکانت تۆماربکەیت،،!  وتی منیش حەزدەکەم بەڵام کێ بۆم تۆماردەکات و کێ هاوکاریمان دەکات ؟  بەڵینم پێدا هاوکاری بکەم ، کاک وەلید ئاماژه‌ی پێداكه‌به‌ته‌نیا نییه‌ به‌ڵكو لەگەڵ مامۆستاو هونه‌رمه‌ند (زرار محه‌مه‌دمستەفا1937_7/12/2021 )و چەند هونەرمەندێکی تر تیپێکی گەورەین به‌ناوی ( تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌)  لەگەڵ ئەواندا کاردەکەم ، ئەو کاتە ( شاکر منصور) بەڕێوەبەری ڕادیۆ بوو، بەناوی مامۆستا زرار محه‌مه‌دمستەفا وە نامەیەکم نووسی و چوومە لای بەڕێوەبەر و، بابەتەکەم لاباسکرد ، وتی باشە ئەو تیپە مۆسیقیە کارەکانیان باش بێت و تۆبەدڵت بێت بابێن وەهەروها ئەوەشم پێ وت کەئەو تیپە لەڕواندزەوە دێن و پێویستییان بەگواستنەوە و شوێنی حەوانەوە هەیە ، ڕەزامەندی گواستنەوە و مانەوەشم بۆوەرگرتن، بەڵی تیپەکە هاتن و منیش وەک یاریدەدەری ئامادەکار ( ١٢) بەرهەممان بۆتۆمارکردن.
هونه‌رمه‌ند ( وه‌لید دۆسكی) ده‌رباره‌ی جاسم وه‌ندی ده‌ڵێـت ( له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه‌ كاك جاسم وه‌ندی یم له‌ ئیزگه‌ی كوردی ناسیی، زۆر هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی ده‌كرد ، ده‌توانم له‌دڵه‌وه‌ بڵێم ، جاسم وه‌ندی سه‌ربازی ونی هونه‌ری كوردی یه‌) (5).
پرسیار:  ئایا پەیوەندی به‌ڕێزتان و خاوەنی گۆرانی
 ( ئەی هاوسێکەی بەرپەنجەرە) ته‌نها پەیوەندییەکی  هاوشاری بوو ؟ 
 جاسم وه‌ندی : هونەرمەند(عەلی حسێن وەندی 1940خانه‌قین _ 31/3/2022سلێمانی) یادی به‌خێر،جیا له‌وه‌ی هاوشاریمه‌،من زۆر سەرسام بووم بەدەنگی و هاوڕێیەکی نزیک و خۆشه‌ویستم بوو، ئاخێکی هەڵکێشا و وتی هەرجارێک ده‌چوومه‌وه‌ خانەقین بەوپەڕی حورمەتەوە دەچومە خزمەتی و بەدیداری شاد ده‌بوومه‌وه به‌داخه‌وه‌  ئه‌ویش به‌جێیهێشتین‌. 
پرسیار : له‌وماوه‌یه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا وه‌ك گۆرانیبێژ و ئاماده‌كاری به‌رنامه‌ كارتان كردووه‌، ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌ناوی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ڕادیۆی كوردی بده‌یت ئه‌گه‌ر له‌یادتاندا ماوه‌؟!
جاسم وه‌ندی :  ماوەی (١٨) ساڵ لەڕادیۆی کوردی بەغدا کارم کرد، بۆ من مێژوویه‌كی زۆر جوان و پڕ له‌یاده‌وه‌رییه‌،  كۆمه‌لێك هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی كورد و عه‌ره‌ب كاریان ده‌كرد، ئەوانەی لەیادم ماون هونه‌رمه‌ندان ( نورەدین ئیبراهیم_ ژەنیاری کەمانچە ، خەڵکی هەولێر بوو ) ( فالح حەسەن _ژەنیاری کەمانچە عەرەب بوو ) ( عەدنان حەمدی_ ژەنیاری کەمانچە ، خەڵکی هەولێر بوو ) ( سەمیرزاخۆلی_ ژەنیاری عود خەڵکی زاخۆ بوو ) (ناتیق سەلیم_ ژەنیاری کەمانچە عەرەب بوو) (عەبدلڕەزاق ئیبراهیم _ژەنیاری قانوون عەرەب بوو ) ( خچر الیاس_ ژەنیاری نای، عەرەب بوو) ( محەمەد قەدری_ ژەنیاری كۆنتراباس بوو،  هه‌موومان ده‌یناسین گۆرانیشی ده‌گووت و مۆسیقاشی ده‌ژه‌نی ).
پرسیار : كه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غداد تان به‌جێهێشت و گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان؟ 
جاسم وه‌ندی : له‌ساڵی (1992) به‌غدام به‌جێهێشت و سه‌ره‌تا هاتمه‌ كه‌ركوك، دواتر له‌هه‌ولێری پایته‌خت گیرسامه‌وه‌، له‌ (1992) وه‌ له‌شاری هه‌ولێری خۆشه‌ویست ده‌ژیم و له‌كاری هونه‌ریی و ڕاگه‌یاندن دا به‌رده‌وامم.
پرسیار : ئایا له‌شاری هه‌ولێر به‌رهه‌می هونه‌ریتان تۆماركرد وه‌ك گۆرانی ؟ یان له‌بواری ڕاگه‌یاندندا درێژه‌ت به‌كاركردن دا؟ 
جاسم وه‌ندی: به‌ڵێ یه‌ك دوو گۆرانییه‌كم تۆماركرد، ماوه‌یه‌ك له‌ڕادیۆی ( ده‌نگی كوردستانی عێراق) كارمكرد، پاشان چوومه‌ ته‌له‌فزیۆن ، سه‌ره‌تا له‌ ( K.tv)  و دواتر چوومه‌ ته‌له‌فزیۆنی گوڵان و له‌ ساڵی (2006) له‌كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و ئاماده‌كاری به‌رنامه‌ كارم كرد، یه‌كێك له‌وبه‌رنامانه‌ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر كارم تێدا كرد به‌رنامه‌ی ( كتێب و نووسه‌ر ) بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كوردستان تیڤی  تێكه‌ڵ بوون و  زاگرۆس به‌رنامه‌كانی به‌زمانی عه‌ره‌بی په‌خش ده‌كرد ، منیش وه‌ك كارمه‌ندێك له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستان تیڤی تائێستا به‌رده‌وامم له‌سه‌ر كاره‌كه‌م .
هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی دوای به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی (18) ساڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆكوردستان له‌ساڵی (1992) ، به‌گوڕو تینێكی زۆر و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه‌ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌كارو چالاكیی هونه‌ریی و كاری ڕاگه‌یاندن، له‌ساڵی (1994) هونه‌رمه‌ند وه‌ك فه‌رمانبه‌ری میری له‌سه‌ر میلاكی به‌شی هونه‌ری شانۆ له‌شاری هه‌ولێر داده‌مه‌زرێت، ماوه‌ی (20) ساڵ له‌و كاره‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌ تا ساڵی (2014) خانه‌شین ده‌كرێت.
له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی له‌ساڵی ( 1979) ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ خاتوونی بواری ڕاگه‌یاندن، پێشكه‌شكار ( نیشتمان عومه‌ر) پێكدێنێ ، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌ (9) منداڵ بووه‌ ، (5) كچ و (4) كوڕ، ئێستا هه‌موو منداڵه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ژین، 
جاسم وه‌ندی له‌ساڵی (2006) له‌گه‌ڵ خاتوونێكی پوورزای خۆی ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌ته‌وه‌.
 به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 24/7/2016) یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی به‌ناوی ( عه‌لی) له‌هه‌نده‌ران كۆچی دوایی ده‌كات ، ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕو ناخ هه‌ژێنه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی جاسم هونه‌رمه‌ندی باوك داده‌نێ و له‌ كاری هونه‌ریی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌هاوڕێ نزیكه‌كانی هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی كه‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك پێكه‌وه‌ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌، باس له‌ هه‌ڵوێست و هاوكارییه‌كانی جاسم وه‌ندی ده‌كات ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش كاك ( به‌رزانی سه‌یده‌) یه‌ ، ده‌ڵێت ( کاکە جاسم یەکێک بوو لەو کوردانەی کە جێی متمانه‌ بوو، ده‌توانی زۆر لەباسەکانی ئەو سەردەمەی بەعسی له‌لا بدركێنی ، زۆر گرنگ بوو بتوانی ئەو باس و خواسه‌ لەناو ئەو دەزگا گرنگەی بەعسدا باس بکەیت،لەبارەی پێشمەرگەو سلێمانی و شەوانی سلێمانی، له‌و كاته‌دا من وه‌ك ( الانتداب) له‌ڕادیۆی كوردی كارم ده‌كرد ،بۆ من (3) كه‌سایه‌تی زۆر جێگای باوەڕ و متمانه‌بوون، كاك ( شاكر مه‌نسوور_ به‌رێوه‌به‌ری ئیزگه‌ ) بوو، کاک جاسم وەندی و ئیسماعیل گەیلانی، کاک جاسم زۆر یارمەتی منی دا کە چوومه‌ ئیزگه‌،من لەبەشی(  په‌خشی ڕاسته‌وخۆ _بپ مباشر )کارم ئەکرد وەپاشان چوومە بەشی مونتاژ، له‌هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ هاوكار و پشتیوانم بوو،کاک جاسم کوردێکی پاک و بێگه‌رد ودڵساف بوو، هەمیشە حەزی لە کۆڕو کۆبونەوە کوردییەکان بوو، هەمیشە بەجل و بەرگی کوردی و کڵاو پووزەوانەوە خۆی نمایش دەکرد،هەر وەکو پێشمەرگەی ئەو سەردەمە، یاده‌وه‌رییه‌ك بیرمه‌ نەورۆزی ساڵی (1982) من دەوامم هەبوو ، گه‌یشتمه‌ پرسگه‌ی ئیزگه‌،من بەجلی کوردیەوە هاتبووم چونکە یادی جه‌ژنی نەورۆز بوو،بەڵام لێپرسراوی پرسگه‌ ووتی نابێت بەو جلانەوە بچیتە ژوورەوە،زۆر قسەم کرد بەڵام هەر ڕێگای نەئەدا،لەوکاتەدا کاک جاسم وه‌ندی هاتە ژوورەوە،  منی بینی ، وتی ئه‌وه‌ بۆ لێره‌ وه‌ستاوی ، منیش وتم ڕێگه‌م نایه‌ن بێمه‌ ژووره‌وه‌..؟! كاك جاسم له‌گه‌ڵ به‌رپرسی پرسگه‌كه‌ كردی  بەدەنگە دەنگ هەتا ئەو ڕادەیەی ووتی سەرۆک سەدام نەورۆزی وەکو جەژنێکی نەتەوەی ناساندووە و ته‌نانه‌ت خۆیشی جلی كوردی له‌به‌ركردووه‌، پێم نالێیت تۆ کێیت؟! 
 هەر ئێیستا تەلەفون ئەکەم لەگەڵ (چابگ امنی اژاعە)تۆ ناتوانیت ڕێگا بگریت لەم فه‌رمانبه‌ره‌ی ئێمە کەبەجلی کوردییەوە هاتوە بۆ دەوامی خۆی،
دوای ئه‌و قسانه‌ كابرای پرسگه‌ نه‌یتوانی هیچ بلێ و له‌گه‌ڵ كاك جاسم چوومه‌ ژووره‌وه‌،ئەمە یەکێک بوو لە چەند نموونەی هه‌ستی کوردایەتی وپاکی و دڵسۆزیی  جاسم وه‌ندی ، هه‌روه‌ها خاوه‌نی ڕۆحیه‌تیه‌كی زۆر به‌رزی هاوکاری کردنی  هونه‌رمه‌ندان و  ئه‌و كوردانه‌ی له‌به‌غدا ده‌ژیان هه‌بوو).
 له‌كۆتاییدا پێی ده‌ڵیم ماندوو نه‌بیت و سوپاس بۆ دلسۆزیی و تێكۆشانت له‌ هونه‌ر ی مۆسیقا و گۆرانی و بواری ڕاگه‌یاندن، پڕ ته‌ندروست و ته‌مه‌نداریتان له‌په‌روه‌ردگار بۆ ده‌خوازین.
جه‌مالی ده‌لاك (17/4/2023) هه‌ولێر. 
سه‌رچاوه‌:
(1)دیدارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی له‌ڕێكه‌وتی ( 5/10/2017) شاری هه‌ولێر.
 (2 و 3) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی ، چوارشه‌ممه‌ (12/4/2023) .
(4)كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك ( 1967_1999) نووسینی ( هاشم جه‌باری) ، لاپه‌ڕه‌ (71).
(5) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( وه‌لیددۆسكی) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌، ڕێكه‌وتی ( 11/4/2023) ( هه‌ولێر _ ڕواندز).
(6) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( به‌رزان سه‌یده‌) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌، ڕێكه‌وتی ( 11/4/2023) ( هه‌ولێر _ نه‌رویج).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.