رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند كە لەو شەڕ و پێكدادانەی لە 15ی نیساندا لەنێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵداوە، تا ئێستا نزیكەی 300 كەس كوژراون و زیاتر لە سێ هەزار كەسیش بریندار بوون.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە داوە كە دۆخی سوودان زیاتر بووەتە جێگەی نیگەرانی و رایگەیاندووە "(بەهۆی پێكدادانەكانەوە) تا ئێستا نزیكەی 300 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار كەسیش برینداربوون. سەركۆنەی هێرشكردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دەكەم".
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس هەروەها باسی لەوە كردووە، هەواڵی داگیركردنی دامەزراوە تەندروستییەكانی سوودان لەلایەن هێزەكانەوە، جێگەی نیگەرانییە و رایگەیاندووە: "هێرشكردنە سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و مافەكانە. پێویستە ئەمانە بوەستێنرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس بە ئاماژەدان بە كێشەی دەستڕاگەیشتن بە كارەبا و خۆراك و ئاو و كارمەندان و كەمبوونەوەی پێداویستییە پزیشكییەكان، رایگەیاندووە كە ئەم دۆخە وا دەكات كە دامەزراوە تەندروستییەكان نەتوانن كار بكەن لە كاتێكدا هەزاران بریندار هەن كە پێویستییان بە چاودێریی تەندروستی هەیە.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس داوای "وەستاندنی ململانێكان"ی لە لایەنەكانی سوودان كردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە ئاشتی تاكە رێگەچارەیە.
بەیانی رۆژی 15ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێكدادان لەنێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ناكۆكییەكان بەهۆی چاكسازیی سەربازیی كە داوا دەكات هێزەكانی پشتیوانی خێرا كە هێزێكی نیمچەسەربازییە بخرێتە سەر سوپای سوودان، بە جۆرێك تەشەنەیان سەند گەیشتە ئەوەی 15ی نیسان هێز بەرامبەر یەكتر بەكار بهێنن.
لەپێكدادانەكانی سووداندا ژمارەی كوژراوان بۆ نزیكەی 300 كەس بەرزبووەتەوە
زیاتر لە سێ هەزار كەسیش بریندار بوون.
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.