Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:09

لە حاجی ئۆمەران زیاتر لە 2 هەزار و 205 تۆن جۆرەكانی شیرینی بۆ جەژن هاوردە كراوە

کوردستان TV
100%

تەنها لە مانگی پیرۆزی رەمەزان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران زیاتر لە 2 هەزار و 205 تۆن شیرینی و پێداویستی و خواردن و خواردنەوەی تایبەت بە جەژنی رەمەزان هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە. سەنگەر رەحمان، بەرپرسی هۆبەی وەرگرتنی نموونەی خۆراك لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران تایبەت بە كوردستان تیڤی راگەیاند: بەپێی ئاماری هۆبەكەمان كە رۆژانە هەموو ئەو شیرینی و خواردەمەنییانەی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە دەكرێن تۆمار دەكات، تەنها لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بازرگانانی هەرێمی كوردستان رێژەیەكی زۆری شیرینەمەنییەكانیان هاوردە كردووە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بە مەبەستی ساغكردنەوەی لە بازاڕەكاندا بۆ بۆنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان. بەرپرسی هۆبەی وەرگرتنی نموونەی خۆراك لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، راشیگەیاند: تاكو رۆژێك پێش جەژن، بڕی 2 هەزار و 205 تۆن و 790 كیلۆگرام جۆرەكانی شیرینی هاوردە كراون ئەوانیش پێكهاتوون لە (شیرینی و نوقڵ، خواردنەوە گازییەكان، شەربەت و چەرەزات و شیریینیەكانی دیكە بە هەموو جۆرەكانییەوە). سەبارەت بە رێكارەكانی رێگەپێدانی شیرینییەكان بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، سەنگەر رەحمان راشیگەیاند: هەر كاڵا و خواردەمەنییەك لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت، كۆمەڵێك رێكار هەن پێویستە بۆیان بگیردرێتەبەر، بۆیە ئەو رێژە زۆرەی شیرینی و خواردەمەنییانەی تایبەت بە جەژنیشەوە بەرێگای سێ پشكنینی (فیزیایی، كیمیاوی، بایەلۆجی) لە بنكەكانی تایبەت بە پشكنین تێپەڕیون و مەرجی سەلامەتی و تەندروستییان وەرگرتووە، دوای شیاوبوونییان بەپێی مەرجی ستاندرادی عێراقی رێگەیان پێدراوە بۆ ئەوەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ساغ بكرێنەوە. بەپێی ئاماری ئەم هۆبەیە، رێژەی هاوردەكردنی شیرینی تایبەت بە جەژن لە مانگی رەمەزاندا، بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

پەیامنێر : كەریم سمكۆ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.