سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی و دامەزراندنی سەندیكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگهیاند ، دەخوازین سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بكەن، هەروەها میدیاكارانیش پیشەییانە ئەزموونی كارەكانیان بكەن.
دەقی بەیاننامەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان..
پیرۆزبێت 125ــەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی
22ـی نیسانی 2023 ساڵڕۆژی 125 ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردییە، كە لەم رۆژەدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر، یەكەمین رۆژنامەی كوردی بەناوی كوردستان لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان دەرچوو.
لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە تەواوی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەین، دەخوازین ئەم ساڵیادە ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان.
لەگەڵ ئەوەی پارساڵ پەرلەمانی كوردستان بەیاسایەك رۆژی رۆژنامەگەری كوردی به22ی نیسان چەسپاند، هاوكات ئەم ساڵ دەكاتە 25ــەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش، لەپێناو خزمەتكردن و داكۆكیكردنی بێ جیاوازی لە رۆژنامەنووسانی كوردستان.
لەم دوو بۆنە گرنگەدا، دەخوازین سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بكەن، هەروەها میدیاكارانیش پیشەییانە ئەزموونی كارەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی هەمووان بەیەكەوە باشتر ئەركەكانیان بەڕێوەببەن، لەم رووەوە سەندیكا ناڕەزایەتی راشكاوانەی خۆی لەدژی ئەو پێشلێكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی پیشەیی و ئازادی میدیا دەردەبڕێتو داكۆكی لەسەرجەم رۆژنامەنووسان دەكات.
لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیدا، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كاردەكات بۆ هەموار كردنەوەی هەردوو یاسای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ژمارە 4ـی ساڵی 1998 و ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هەمواری یاساكە خۆی لەگەڵ كاری سەردەمیانەی میدیادا بگونجێنێت و ببێتە فاكتەری رێكخستنەوەی میدیایی لەهەرێمی كوردستان ،لەم روانگەیەوە هەنگاوی كردەیی بنرێت بۆ باشتركردنو دەستەبەركردنی ماف و گوزەرانی رۆژنامەنووسان لەرووی یاساییو گرێبەستەوە، هەروەها كاردەكات بۆ بوژاندنەوەو رێكخستنەوەی سندووقی خانەنشینیی رۆژنامەنووسان.
ئەنجوومەنی سەندیكا، ئامادەكاری دەكات بۆ بەڕێوەبردنی كۆنگرەی چوارەمی سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەشێوەیەك كۆنگرەیەكی بەرهەمدار و پیشەییانە بێت، لەپێناو بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان و باشتركردنی رەوشی میدیا لە هەرێمی كوردستان.
لە كاتێكدا یادی رۆژنامەگەریی كوردی دەكەینەوە، بەداخەوە دۆخی بەشێكی میدیا لە هەرێمی كوردستاندا، لەسەر رێچكەو پرەنسیپی پیشەیی كارناكات و ئیتیكی كاری رۆژنامەنووسی فەرامۆشكراوە، بۆیە ئەنجوومەنی سەندیكا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پلانەكانی كاری خۆی، زمانی میدیایی و بەهێزكردنی بنەماكانی دیموكراسی و نیشتمانی پەرەپێبدرێت، هەروەها لە بیرۆكەو پڕۆژەی یاسای پاراستنی تایبەتمەندی كەسی، مافی رۆژنامەنووسان و ئەركەكانیان باشتر رێكبخرێتەوە.
هاوكات سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو پرەنسیبە پیشەیی و ئەخلاقیانەوەی كە وەك بنەمای سەرەكی كاركردنی لەسەری دامەزراوە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری رۆژنامەنووسانی كوردستان بكات و بەرگریش لە رەخساندنی زەمینەی زیاتری ئازادی دەكات بۆ كاری رۆژنامەنووسی.
لەم یادە سەنگین و مێژووییەدا رایدەگەیێنین، لە كۆنگرەی ساڵی رابردووی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووساندا كە لە مەسقەتی پایتەختی شانشینی عوممان بەڕێوەچوو، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیاو زەریای هادی بەئەندامی كارا قبوڵكرا و لەگەڵ بردنەوەی كورسیەكی ئەندامێتی لە مەكتەبی تەنفیزیی جێندەری فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهان كە دوو دەستكەوتی گرنگن بۆ رۆژنامەنووسانی كوردستان.
لەپەراوێزی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكادا، ئەنجوومەنی سەندیكا بڕیاریداوە، بە كردنەوەی نووسینگە لە(زاخۆ و ڕاپەڕین) ، بۆ زیاتر خزمەتكردن و داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسانی سنووری ئەم دوو ئیدارە سەربەخۆیە.
لەم ساڵیادەدا، یادی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەكەینەوە كە لە ژیاندا نەماون و رۆژێك خزمەتی كاروانی میدیای كوردیان كردووەو هیوای پیشەیی بوونی زیاتریش بۆ كاری ئەو رۆژنامەنووسانە دەخوازین كە بەردەوامن لەخزمەتی بەرەوپێشچوونی میدیا لەكوردستاندا.
جارێكی دیكە پیرۆزبێت ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی و دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.
ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
22ـی نیسانی 2023
هەولێر- پایتەختی كوردستان
سەندیكای رۆژنامەنووسان: دەخوازین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی كاری میدیا
22ـی نیسانی 2023 ساڵڕۆژی 125 ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردییە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.